لە بەلجیکا، شێوەکارێکی کورد پێشانگەیەکی تایبەت دەکاتەوە
لە بەلجیکا، حوسێن کاکەیی، شێوەکار و خۆشنووس، پێشانگەیەکی شێوەکاری تایبەت بە تابلۆکانی کردەوە کە تێیدا کۆمەڵێک تابلۆی خۆی تێدا نمایش کرد و پێشانگەکە بۆ ماوەی 6 ڕۆژ بەردەوام بوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30 کانوونی یەکەمی 2025، حوسێن کاکەیی، شێوەکار و خۆشنووس، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی لە بەلجیکا، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەو پێشانگە تایبەتەی من پێکهاتبوو لە پیشاندانی تابلۆ و خۆشنووسی و تەکنیکی گرافیک، کۆمەڵێک تابلۆم لەو پێشانگەیەدا نمایشکرد، هەروەها هاوژینەکەم "ئەڤین کاکەیی" ئەویش بە کۆمەڵێک کاری هونەری بەشداری لەو پێشانگەیەدا کرد و کارەکانی خۆی نمایشکرد.
گوتیشی: نمایشکردنی تابلۆکانم لە پێشانگەیەدا، لەسەر بەردەوامبوونی هونەری ڕابردوو و ئێستایە، پێشانگەکە پردێکی کولتوورییە لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، لە ئەوروپا دەتوانین لە ڕێگەی جوانی ئایدیا و تەکنیک و هونەرەوە سەرنجی بینەر ڕابکێشین، کە بەهەزاران کەس سەردانی پێشانگەکەی منیان کردووە و تابلۆکانم زۆر سەرنجی ڕاکێشاون.
حوسێن کاکەیی باس لە کردنەوەی پێشانگەکانی لە بەلجیکا دەکات و دەڵێ: تا ئێستا چەندین پێشانگەم لە بەلجیکا کردۆتەوە، زیاتر لە 30 ساڵە کاری هونەری نمایش دەکەم، پێشانگەی تایبەت و هاوبەش و گرووپ و بەکۆمەڵ بەشداریم تێدا کردووە.
حوسێن کاکەیی، شێوەکار و خۆشنووس، ساڵی 1959 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە لە ساڵی 2009، لە ساڵی 1982 یەکەمین پێشانگەی لە هۆڵی کەرکووک بۆ هونەرە جوانەکان کردووەتەوه. لەساڵی 2021 لەلایەن دەزگای کولتووری ڤوم لە بەلجیکا خەڵاتی داهێنانی بۆ هەموو ژیان پێ بەخشراوه.

