فەرهاد ئەترووشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا

فەرهاد ئەترووشی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرهاد ئەترووشی، دوای ئەوەی خۆی کاندید کرد و هاتە نێو کێبڕکێی دەنگدانەکەوە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، توانی کێبڕکێکە لە ڕێبوار کەریم بەرێتەوە و، بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

لەم بارەیەوە فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرۆک بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەگەڵییان بۆ چارەکردنی کێشەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و بەهەوڵی سەرۆک بارزانی کێشەکە چارە کرا.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، چاوەروانییەکانیان ئەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا دەستوور وەک خۆی جێبجێ بکرێت.

گوتیشی: وەک پارتی نییەتییان ئەوەیە لەگەڵ عێراق سەرەتایەکی نوێ دەست پێبکەن و ئامانجییانە لەسەر بنمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارە بکەن.

لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، کە ئەویش خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید کردبوو، بە کوردستان24ـی گوت: پارتی وەک هێزی یەکەم چاوپۆشی لە شایستەکانی ناکات بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان زامن بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەخنەی ناڕاستەوخۆی لە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی دیکە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، پارتی و خودی سەرۆک بارزانی هەمیشە دەستپێشخەر و بەخشندە بوون بۆ یەکڕیزی نێوان لایەنەکان، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

 

هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق

دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی کۆبووەوە.

لە دەستپێكدا بە تەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد.

هاوکات هەیبەت حەلبووسی، کە لە لایەن ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کاندید کرابوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان توانی پۆستەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات و بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

دواتر لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی هەر دوو جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستی پێکرد، عەدنان فەیحان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەڵام هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆک، کە کێبڕکێکە لە نێوان شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕێبوار کەریم بوو، بە دوو گەڕی دەنگدان یەکلایی نەبووەوە،  بەهۆی ئەوەی هیچ کامیان نەیانتوانی دەنگی (50+1) ئەندامان بە دەست بهێنن، بۆیە دەنگدان چووە گەڕی سێیەم، بەڵام کۆبوونەکە بۆ ڕۆژی دواتر بە کراوەیی هەڵگیرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان فەرهاد ئەترووشی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد.

هەر لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، فەرهاد ئەترووشی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، توانی کێبڕکێکە لە ڕێبوار کەریم بەرێتەوە و وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

 

دەنگدانەکە بەو شێوەیە بوو:

فەرهاد ئەترووشی: 178 دەنگ.

ڕێبوار کەریم: 104 دەنگ.

 

فەرهاد ئەترووشی کێیە؟

فەرهاد ئەمین سەلیم ئەترووشی

-لە ساڵی 1976 لە دهۆک لەدایک بووە.

-هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتیدا.

-لە ساڵی 2010 تاوەکوو 2014 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە.

-لە ساڵی 2014 تاوەکوو 2020، پارێزگاری دهۆک بووە.

-سەرۆک لیستی پارتی بوو لە پارێزگای دهۆک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.

لەم قۆناغەی ئێستا، بە وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فەرهاد ئەترووشی پێگەی خۆی لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی عێراقدا قایمتر دەکات و درێژە بە ڕۆڵی خۆی دەدات لە ئاڕاستەکردنی پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەسەر ئاستی نیشتمانی.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل