فەرهاد ئەترووشی؛ لە ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی یاسادانان
فەرهاد ئەمین سەلیم ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکێک لە کاراکتەرە سیاسییە دیار و کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەناسرێت. ناوبراو خاوەنی پاشخانێکی مەعریفی و ئەزموونێکی کارگێڕیی دەوڵەمەندە لە هەردوو کایەی جێبەجێکردن و یاساداناندا.
فەرهاد ئەمین سەلیم ئەترووشی، لە ساڵی 1976 لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. وێڕای کاری سیاسی، خاوەنی پێگەیەکی زانستیی بەرزە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتیدا. سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان، کاتێک وەک مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی دهۆک خزمەتی کردووە، پێش ئەوەی بە تەواوی خۆی بۆ کاری سیاسی تەرخان بکات.
ئەترووشی کە یەکێکە لە کادیرە دیارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی ئەزموونێکی پەرلەمانیی پێشینەیە؛ لە ساڵی (2010-2014)ـدا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و ڕۆڵێکی کارای لە لیژنەی یاسایی پەرلەماندا هەبووە.
لە ڕووی کارگێڕییەوە، ناوبراو لە نێوان ساڵانی (2014-2020) ئەرکی پارێزگاری دهۆکی لە ئەستۆ بووە، لە ماوەی ئەم شەش ساڵەیدا سەرپەرشتیی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و کارگێڕیی ستراتیژی کردووە.
لەم قۆناغەی ئێستادا، بە وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فەرهاد ئەترووشی پێگەی خۆی لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی عێراقدا قایمتر دەکات و درێژە بە ڕۆڵی خۆی دەدات لە ئاڕاستەکردنی پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەسەر ئاستی نیشتمانی.
سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرهاد ئەترووشی، دوای ئەوەی خۆی کاندید کرد و هاتە نێو کێبڕکێی دەنگدانەکەوە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
دەنگدانەکە بەو شێوەیە بوو:
فەرهاد ئەترووشی: 178 دەنگ.
ڕێبوار کەریم: 104 دەنگ.
