بۆچی هەندێک ئاواز لەناو مێشکماندا دووبارە دەبنەوە؟
هەندێک جار پارچە گۆرانییەک یان ئاوازێکی دیاریکراو لەناو مێشکماندا دەخولێتەوە و وا هەست دەکەین بەردەوام دووبارە دەبێتەوە؛ زانایان بەم دیاردەیە دەڵێن "کرمۆکەی گوێ" (Earworm).
توێژینەوەیەکی فینلەندی دەریخستووە کە زیاتر لە 90%ی خەڵک هەفتانە لانی کەم جارێک تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، هەروەها 60%ی خەڵکیش ڕۆژانە ئاوازێک لە مێشکیاندا دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆر گوێ لە میوزیک دەگرن.
لەناو مێشکدا چی ڕوودەدات؟
بە گوێرەی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"، چالاکیی مێشک لە کاتی دووبارەبوونەوەی ئاوازێکدا هاوشێوەی کاتی گوێگرتنە لە میوزیکێکی ڕاستەقینە. ئەم ئاوازانە دەچنە ناو "بیرگەی کارا" (Working Memory) و جێگەی زانیارییەکانی دیکە دەگرنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیدا وردی و سەرنجی کەم ببێتەوە.
سوودەکانی ئەم دیاردەیە چیین؟
پسپۆڕانی ئەڵمانی پێیان وایە "کرمۆکەی گوێ" جۆرێکە لە نیشانەکانی گوێنەگرتن وەکو پێویست لە میوزیکەکە؛ واتە کاتێک مێشک ئارەزووی میوزیک دەکات و بۆی فەراهەم نابێت، خۆی دەست دەکات بە لێدانەوەی ئاوازەکان. زۆربەی توێژینەوەکانیش دەڵێن ئەم دیاردەیە بۆ زۆرینەی خەڵک ئەزموونێکی خۆشە و تەنیا بۆ ئەو کەسانە بێزارکەرە کە نەخۆشیی "وەسوەسە"یان هەیە.
چۆن لەم ئاوازە دووبارەبووانە ڕزگارمان بێت؟
توێژەرانی بەریتانی چەند ڕێگەیەکیان بۆ بڕینی ئەم بازنە میوزیکە دیاری کردووە:
1- جوینی بنێشت: بەهۆی ئەوەی جوینی بنێشت ماسولکەکانی قوڕقوڕاگە و دەم سەرقاڵ دەکات، ڕێگری لەو "دەنگە ناوەکییە" دەکات کە ئاوازەکە دەڵێتەوە.
2-گوێگرتن لە میوزیکێکی دیکە: ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوازە کۆنەکە لە مێشک بچێتە دەرەوە، هەرچەندە ئەگەری هەیە میوزیکە نوێیەکە ببێتە "کرمۆکەیەکی" نوێ لە مێشکدا.
