پۆلیسی دارستان و ژینگە: ڕاوکردنی نایاسایی کەمبووەتەوە
پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هۆشیاری هاووڵاتییان و توندکردنی سزا لەسەر ڕاوچییەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕاوی نایاسایی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرمان فازڵ، بەرێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تیمەکانی پۆلیس دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەو شوێنانە هەن کە گومان دەکرێت ڕاوی لێ بکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما و بارینی بەفر، ڕاوچییەکان کەو و ئاژەڵی کێوی ڕاو دەکەن.
فەرمان فازڵ گوتی: ڕاوکردنی ئەم ئاژەڵ و باڵندانە لەم وەرزە دا زیاتر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و سۆران هەیە، بەڵام خۆشبەختانە وەک ساڵانی پێشتر نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بەشێوەیەکی گشتیی ڕاوکردنی لە ساڵی 2025، بەراورد بە ساڵی 2024، زۆر کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی هۆشیاری هاووڵاتییان و توندکردنی سزا لەسەر ڕاوچییەکان ئەمەش لە پێناو هێشتنەوەی سرووشت و ژینگەیەکی جوان.
پێشتریش گوتەبێژی گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە ساڵی 2024، زیاتر لە 500 کەس بەهۆی ڕاوی نایاساییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون.
ئەو کەسانەی بەهۆی ڕاوی نایاساییەوە دەستگیر دەکرێن، بە بڕی 10 ملیۆن تاوەکوو 25 ملیۆن دیناری عێراقی پێبژاردنیان پێ دەکرێن.
