حکوومەتی تورکیا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەکات

حکوومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، پارێزبەندی لەسەر 22 پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن هەڵبگرێت. ئەم داواکارییە بەهۆی بوونی چەندان دۆسیەی سیاسییەوە پێشکەش کراوە.

لیستی ناوەکان هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، تونجەر باکرهان و تولای ھاتیم ئۆگولاری، لەگەڵ 16 پەرلەمانتاری دیکەی هەمان پارت دەگرێتەوە. هاوکات ناوی چوار پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەناو لیستەکەدا هەن.

حکوومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە، ئەو پەرلەمانتارانە دۆسیەی سیاسی و تۆمەتیان لەسەرە. لەبەرئەوە، پێویستە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ ئەنجام بدرێت. بۆ ئەم مەبەستە 37 دۆسیەی جیاواز لە دژی ئەو پەرلەمانتارانە ئامادە کراون.

هەنگاوی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا بابەتێکی نوێ نییە و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەت بەرامبەر پەرلەمانتارانی سەربە پارتە کوردییەکان و جەهەپە.

لە ماوەی ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیادا، 833 دۆسیەی تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون، زۆرینەیان لەدژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و جەهەپە بوون.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، داواکاری بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 12 پەرلەمانتار پێشکەش کرا، یەکێک لەوانە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بوو. پێشتریش لە مانگی تەممووزی 2025، داواکارییەک 61 پەرلەمانتاری جەهەپەی گرتبووەوە.

حکوومەتی تورکیا زۆرجار پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی ئەندامانی دەم پارتی، بە "پەیوەندی لەگەڵ تیرۆر" تۆمەتبار دەکات و ئەمەش وەک پاساوێک بۆ هەوڵەکانی بەکاردەهێنێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل