گەمارۆ، قوتابخانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبی داخستووە

دەرگای داخراوی قوتابخانەیەکی ئەشرەفییە
دەرگای داخراوی قوتابخانەیەکی ئەشرەفییە

بەهۆی گەمارۆی سەپێنراو بەسەر هەردوو گەڕەکی کوردی 'شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە' لە پارێزگای حەلەبی سووریا، لیژنەی پەروەردە و خوێندن بڕیاری دا 13 قوتابخانە تا دوای پشووەکانی سەری ساڵ دابخات.

زاهیدە ڕەشید، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندن لە هەردوو گەڕەک، بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، سێ قوتابخانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و 10 قوتابخانەی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی سووریا، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە تا 4ی مانگی داهاتوو داخراون. ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی داخستنەکەش هەیە، ئەگەر گەمارۆکە هەڵنەگیرێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد، نەبوونی سووتەمەنی و سەرمای زستان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵان هەبووە. ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی ئامادەبوونیان بۆ 60%، ئەم ڕێژەیە لە ڕووی پەروەردەییەوە مەترسیدارە. بۆیە لەپێناو پاراستنی تەندروستیی قوتابییان و دابینکردنی کەشێکی لەبارتر، بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان دراوە.

زاهیدە ڕەشید ڕوونیکردەوە، دۆخی پەروەردە زۆر خراپە، تا ئێستا نەیانتوانیوە کتێب بۆ چوار هەزار قوتابی دابین بکەن، لە کاتێکدا قۆناغی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە. ژمارەی گشتیی قوتابییان لە هەردوو گەڕەکدا لە هەموو قۆناغەکان 25 هەزار قوتابیە. ئێستا مەترسییەکی گەورە لەسەر پرۆسەی خوێندن بەگشتی هەیە، ئەگەر چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە نەدۆزرێتەوە.

لیژنەی پەروەردە داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات، تا قوتابییان بتوانن بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و پرۆسەی خوێندن تەواو بکەن، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی سووریا.

گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن. ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن گەمارۆ دراون.

 ئەم گەمارۆیە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی و کەمبوونەوەی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان. لە ماوەی ڕابردوودا چەندان جار پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) و هێزەکانی حکوومەتی سووریا ڕوویداوە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل و زیان گەیشتن بە ژێرخانی ناوچەکە، لەوانە تۆڕەکانی کارەبا و ئاو.

 سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام دۆخی ئەمنی نائارامە و ڕێگری لە هاتووچۆ و گەیاندنی پێداویستییەکان دەکرێت، ئەمەش ژیانی زیاتر لە 200,000 دانیشتووی ئەو دوو گەڕەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل