لە سویسرا ئاهەنگی شەوی سەری ساڵ تەقینەوەیەک ڕوویدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتێکدا گەشتیاران خەریکی ئاهەنگگێڕانی سەری ساڵ بوون، تەقینەوەیەکی بەهێز لە باڕێکی شارۆچکەی گەشتیاریی "کرانس مۆنتانا" لە چیاکانی ئەڵپی سویسرا ڕوویدا و بەهۆیەوە چەندین کەس بوونە قوربانی.

تەقینەوەکە کاتژمێر 1:30ـی شەو بە کاتی ناوخۆ، لە باڕی ناسراوی "لو کۆنستێلاسیۆن" (Le Constellation) ڕوویداوە. ئەم شوێنە بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە زۆر جەنجاڵ بووە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی قوربانییەکان زیاد بکات.

گایتان لاتیۆن، گوتەبێژی پۆلیسی کانتۆنی ڤالێس لە باشووری ڕۆژئاوای سویسرا، بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند: "تەقینەوەیەک ڕوویداوە تا ئێستا هۆکارەکەی نادیارە." جەختی کردەوە "چەندین کوژراو و بریندار هەن،" بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی وردی قوربانییەکان نەکرد، چونکە ئۆپراسیۆنەکانی ڕزگارکردن هێشتا بەردەوامن.

ئەو وێنانەی لە میدیاکانی سویسراوە بڵاوکراونەتەوە، دیمەنی ترسناکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەکە و بڵاوەی تیمەکانی فریاگوزاری نیشان دەدەن. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس لە ناو دووکەڵ و داروپەردووی تەقینەوەکەدا بەدوای بریندارەکاندا دەگەڕێن.

شارۆچکەی "کرانس مۆنتانا" یەکێکە لە ناودارترین هاوینەهەوارەکانی خلیسکانێی سەر بەفر لە جیهاندا و ساڵانە لە وەرزی زستاندا هەزاران گەشتیاری بیانی ڕووی تێدەکەن.

ئێستا بەرپرسانی ئەمنیی سویسرا هیچ ئاماژەیەکیان بەوە نەکردووە کە ئایا تەقینەوەکە کارێکی تێکدەرانە بووە یان بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی وەک غازەوە بووە. لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ناسنامەی قوربانییەکان و هۆکاری سەرەکیی کارەساتەکە ئاشکرا بکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل