وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بەفر و باران ڕاگەیەنرا
بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکانی کەشناسی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بڵاوکراوەتەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین.
پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو:
ڕۆژی پێنجشەممە، 01-01-2026
ئاسمان بە تەواوی هەور دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت. لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکانی وەک مێرگەسۆر، ئامێدی، سنووری ئیدارەی سۆران، بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر، پێشبینی بەفربارین دەکرێت. هەروەها، ئەگەری بارینی بەفر و کرێوە لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، دەوروبەری و ئیدارەی زاخۆ لە ئارادایە. لە کاتەکانی شەودا، ڕێژەی دابارینەکان زیاتر دەبێت.
خێرایی با: مامناوەند دەبێت لە نێوان (15 – 25) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هەندێک کات چالاک دەبێت و خێراییەکەی بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز دەبێتەوە.
ئاراستەی با: باشووری ڕۆژهەڵات دەبێت.
پلەکانی گەرما: بە بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ، (1) تا (3) پلە بەرزتر دەبنەوە.
مەودای بینین: لە نێوان (7 – 9) کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە کات و شوێنی داباریندا بۆ (3-5) کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
ڕۆژی هەینی، 02-01-2026
ئاسمان بە هەوری تەواو دادەپۆشرێت. لە کاتەکانی بەیانیدا، کاریگەریی شەپۆلی باران و بەفربارین بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان. لە کاتەکانی شەودا، کاریگەریی ئەم شەپۆڵە لاواز دەبێت و کۆتایی دێت.
- خێرایی با: لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەگۆڕێت، لە نێوان (10 – 20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
- ئاراستەی با: باکووری ڕۆژئاوا دەبێت.
- پلەکانی گەرما: بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، نزیکەی (1) تا (3) پلە نزمتر دەبنەوە.
- مەودای بینین: لە نێوان (7 – 9) کیلۆمەتردا دەبێت و لە کاتی داباریندا بۆ (3-5) کیلۆمەتر دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو (پلەی سیلیزی):
- هەولێر: 7
- سلێمانی: 4
- دهۆک: 5
- زاخۆ: 4
- کەرکووک: 9
- هەڵەبجە: 6
- گەرمیان: 8
