کانیاوە وشکبووەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووژانەوە

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی زستان شەپۆلی بەفربارینیش لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و بەشێکی پارێزگاکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەستی پێ کرد و چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو و دوای وشکەساڵی و وشکبوونی زۆرێک لە زۆنگاوەکان، بەنداو و بیرەکان هیوایەکی نوێی بە هاووڵاتیان بەخشی، هاووڵاتیانی شاری شنۆش لە پارێزگای ورمێ بۆ بارینی بەفر زۆر دڵخۆشن و سوپاسی خودا دەکەن.

ئیحسان کەریمی، دانیشتووێکی شاری شنۆ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند؛ "بەفرێکی زۆر خۆش دەبارێت و چەند ساڵێکە وشکەساڵی بوو بەڵام دابارینی ئەو چەند ڕۆژە قەرەبووی کردووەتەوە، هیوادارم بەو بارانە کانیاوەکان بژیێنەوە." 

بەفرێکی زۆر  لە سنووری شنۆ و دەورووبەریشی کۆبووەتەوە و کەشێکی خۆش و سیمایەکی دڵرفێنی دروست کردووە، بەگوێرەی وشکەساڵی ئەمساڵ و وشکبوونی زۆربەی زۆنگاوەکان، بەنداو و ڕووبارەکان هاووڵاتییان چاوەڕێی ئەم رێژە بەفربارینەیان نەدەکرد.

قادر مێهدیزادە، دانیشتووێکی دیکەی شنۆ دەڵێت: "ئەم چاوەڕوانییەمان نەبوو چەند ساڵێک بوو کە بەفر نەدەباری و وشکەساڵی بوو، خەڵک دڵگرانبوون بەڵام بە بەفربارینی ئەم جارە خەڵک زۆر دڵخۆشە." 

 کامیل ئەسکەندەری، دانیشتووێکی دیکەی شنۆ گوتی: "هەر چەندە ئەو بەفربارینە قەرەبووی وشکەساڵی ڕابردوو ناکاتەوە بەڵام هیوادارین بەفر و بارانی زیاتر ببارێت لەمساڵەدا و کانیاوەکان پڕ ئاو ببنەوە."

بارینی ئەم بەفرە لەگەل خۆشی و سوودەکانی بووە هۆی ئاستەنگی هاتوچۆ لە ڕێگای نێوان گوندەکان، شارەکان و ناوچە سنوورییەکانیش، پێنج هاووڵاتیی شاری شنۆ لە کاتی گەڕانەوە لە باشوڕی کوردستان لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە چیاکانی کێلەشین لەناو بەفردا گیریان خواردووە و دوای چەند ڕۆژێک بێ سەروشوێنبوون، هەواڵی سەلامەتی خۆیان بە بنەماڵەکانیان داوە لە دۆڵی گادەر لە پشت گوندی بێمزورتێ لە ناو ئەشکەوتێکدا پەنایان گرتووە و داوایان کردووە بە هانایانەوە بچن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل