مەترسی رووخانی هۆتێل هیلالی بەغدا نیگەرانی ڕۆشنبیرانی لێکەوتەوە

لە شاری بەغدا و لە شەقامی ڕەشید، باڵەخانەی هۆتێل "هیلال" لە دۆخێکی خراپدایە. ئەم بینایەی کە ڕۆژانێک شوێنی کۆبوونەوەی نوخبەی شار بوو، ئێستا بەشێکی زۆری داتەپیوە و مەترسیی داڕووخانی تەواوەتی لێ دەکرێت. ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای هاووڵاتیان و هەوادارانی کەلەپوور دروست کردووە، چونکە ئەم دیوارانە شاهیدی مێژووییەکی زێڕینن.

گرنگیی ئەم باڵەخانەیە تەنیا لە تەلارسازییەکەیدا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە یادەوەرییەکی دەگمەن؛ لە ساڵی 1932، هونەرمەندی گەورەی عەرەب، ئوم کەلسوم، لە "یانەی سەبع" کە لەناو ئەم هۆتێلەدا بوو، کۆنسێرتێکی مێژوویی ئەنجامدا.

محەممەد کینانی، خاوەنی ئەنتیکخانەی مودەلەل، بۆ کوردستان24دەڵێت: "هاتنی ئوم کەلسوم بۆ عێراق ڕووداوێکی دەگمەن بوو، چونکە ئەو زۆر بە کەمی سەردانی لێرەی دەکرد. هەرچەندە هونەرمەندانی وەک عەبدولحەلیم حافز، فەرید ئەترەش و محەممەد عەبدولوەهاب هاتنە عێراق، بەڵام هیچ کامێکیان وەک ئوم کەلسوم دەنگدانەوەیان نەبوو. لەو سەردەمەدا دەوڵەمەندەکان بە کامێراکانیان وێنەیان لەگەڵ دەگرت و گۆرانییەکانیان تۆمار دەکرد، کە ئێستا وەک گەنجینەیەکی مێژوویی ماونەتەوە."

بۆ خەڵکی بەغدا، هۆتێل هیلال تەنیا دیوار و چیمەنتۆ نییە. کازم سەکبان، هاووڵاتییەکی بەتەمەنە و دەڵێت: "ئەم باڵەخانەیە یادەوەرییەکە لە مێژووی عێراقدا لەبیر ناکرێت. لە 1932وە تا ئێستا خەڵک باسی دەکەن و تەنانەت گەنجەکانیش بە یادی دایک و باوکیانەوە دێنە لای ئەم بینایە و وێنەی سێڵفی لەگەڵ دەگرن."

هەروەها سەڵاح سوودانی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم شوێنە "ڕوحی" هەیە و فەرامۆشکردنی لەناو سەنتەری شاردا کارێکی ناڕەوایە و دەبێت داوا دەکات، بە زووترین کات ڕزگار بکرێت.

دوای نیگەرانییەکان، ئەمیندارێتی گشتیی بەغدا بڕیارێکی گرنگی دا؛ باڵەخانەی هۆتێل هیلال نۆژەن دەکرێتەوە و ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ "ئەنتیکخانەی ئوم کەلسوم". ئەم بڕیارە دڵخۆشییەکی زۆری لە نێو خەڵکدا دروست کردووە، چونکە دەبێتە ناوەندێکی کولتووری بۆ پاراستنی یادەوەرییەکانی ئەو هونەرمەندە.

ناوبانگی ئوم کەلسوم لە بەغدا گەیشتە ئاستێک کە لە ساڵی 1946، لەسەر داوای مەلیک فەیسەڵی دووەم، جارێکی دیکە بانگهێشتی عێراق کرایەوە. لە "کۆشکی ڕەحاب" نازناوی "هەسارەی ڕۆژهەڵات"ی پێ بەخشرا.
لە کۆنسێرتی دووەمیدا، هونەرمەندان نازم غەزالی، سەلمە موردای هاوسەری و شاعیر مەعروف ڕەسافی هاوکار بوون لە ڕێکخستنی، و بۆ یەکەمجاریش لە مێژوودا، کۆنسێرتەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی دەنگی عێراقەوە گوازرایەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل