زەنگی دوایین دەرفەت بۆ حزبوڵڵا لێدەدرێت
سەرچاوە باڵاکان ئاشکرای دەکەن، کە سێ وڵاتی ناوچەکە هۆشدارییان داوەتە حزبوڵڵا، یان چەکەکەی ڕادەستی دەوڵەت دەکات، یان دەبێت چاوەڕوانی گورزێکی ئیسرائیلی و دابڕانێکی تەواوەتی بێت لە جیهان و ناوخۆی لوبنان.
پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، چەند سەرچاوەیەکی باڵا بە ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط"ـیان ڕاگەیاندووە، کە پەیامگەلێکی دیپلۆماسی لە لایەن میسر، قەتەر و تورکیاوە ئاراستەی حزبوڵڵا کراون، کە ناوەرۆکەکەیان بە "ئامۆژگارییەکانی دوایین دەرفەت" پێناسە کراوە.
کرۆکی پەیامەکان جەخت لەسەر پێویستیی ڕادەستکردنی چەکەکانی حزبوڵڵا بۆ دەوڵەتی لوبنان دەکەنەوە، وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی گورزێکی سەربازیی ئیسرائیل؛ گورزێک کە پێ دەچێت دەرئەنجامەکەی ببێتە هۆی قووڵکردنەوەی زیاتری ئەو کەلێنەی لە نێوان حزبوڵڵا و زۆرینەی ڕەهای پێکهاتەکانی لوبنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروست بووە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان، ئاراستەکردنی ئەم پەیامانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی گوشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەمەش بەدوای زنجیرەیەک هۆشداری دێت کە ئاماژە بەوە دەدەن، پێداگریی حزبوڵڵا لەسەر هێشتنەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی شەرعییەتی دەوڵەتدا، ئەگەری هەیە لوبنان ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی توندی سیاسی و ئابووری بکاتەوە، سەرباری ئەوەی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی وێرانکەری لێ دەکرێت.
فشارەکان و هەڵوێستی نەعیم قاسم
سەرچاوە ئاشکرایان کردووە، سەرەڕای ئەوەی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، هێشتا سوورە لەسەر بەرزکردنەوەی سەقفە سیاسییەکان و پارێزگاریکردن لە چەکەکانی بە پاڵپشتیی ئێران، بەڵام هاوسەنگیی هێز لەسەر زەوی گۆڕاوە. حیزبەکە دوای جەنگی غەززە بەشێکی زۆری تواناکانی لەدەست داوە و چیتر توانای سەپاندنی هاوکێشەی ڕووبەڕووبوونەوەی نەماوە، بۆیە وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا و تەنانەت ئەمریکاش (بە شێوەی ناڕاستەوخۆ) ئامۆژگاری دەکەن مل بۆ قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە بدات.
دەستکەوتی سوپا و دۆزینەوەی تونێلەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوپای لوبنان بە هاوکاریی هێزەکانی یونینفێڵ توانیویەتی دەسەڵاتی خۆی بەسەر باشووری ڕووباری لیتانیدا بسەپێنێت، کە ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا ڕوو دەدات. هەروەها سوپا دەستی بەسەر تونێلێکی حیزبوڵڵا و مووشەکی دوورهاوێژدا گرتووە.
ڕادەستکردنی چەکی فەڵەستینییەکان
لە پێشهاتێکی دیکەدا، ڕێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، دەستپێشخەری کردووە و بەشێکی زۆر لە چەکی قورسی بزووتنەوەی «فەتح»ـی ڕادەستی سوپای لوبنان کردووە، کە مووشەکی دژە تانکی تێدایە. ئەمەش فشارەکان لەسەر حزبوڵڵا و گرووپەکانی وەک حەماس زیاتر دەکات کە بچنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە.
حکوومەتی لوبنان، بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام و بە پاڵپشتیی جۆزێف عەون، سەرۆک کۆمار، سوورن لەسەر ئەوەی بڕیاری "چەک تەنیا دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت" گەڕانەوەی بۆ نییە.
ئیسرائیل پلانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان دادەڕێژێت
ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی، 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردبووەوە، وڵاتەکە بە فەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حزبوڵڵا لە خاکی لوبنان پەسەند کردووە.
بە پێی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئەم پلانەی سوپای وڵاتەکە، وەک دوا کارتی فشارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە ئەگەر بێتو حکوومەتی لوبنان، لە پرۆسەی چەککردنی حزبوڵڵا شکست بهێنێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوە دابوو، پلانەکە لە لایەن فەرماندەیی باڵای سوپا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان داڕێژراون و ئامادەی جێبەجێکردنن.
