بەرگریی شارستانی سۆران: تیمەکانمان 24 کاتژمێر لە ئێشگریدان
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی 10ڕۆژی ڕابردوو 44 تیمیان بە بەردەوامی لە ئێشگریدان و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەم هەفتەیە بە بەردەوامی تاوەکوو ئەمڕۆ 44 تیمی ئێمە لە ئەرک و ئێشگریدان، تەنانەت هیچ ڕۆژێک پشوو نەبووە بۆ هیچ یەکێک لە ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان.
میراودەلی گوتیشی: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو نزیکەی هەزار پەیوەندی لەلایەن هاووڵاتییان و گەشتیارانەوە بە ژووری کۆنترۆڵی بەڕێوەبەراتییەکەمان کراوە، 750 کەس لەنێو بەفر ڕزگارکراون و لە نێویاندا 350یان ئافرەت و منداڵبوونە، 118 ئۆتومبێل ڕزگار کراون.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، جیا لەو حەوت پێشمەرگەی لە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەکی دیکەش ڕزگارکراون هاوکات، 84 ئۆتۆمبێل لە نێو بەفر لەکار کەوتبوون چاککراونەتەوە و ڕێگایان بۆ کراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی 150 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لە ڕێگا دا بەهۆی بەستەڵەک و بەفری زۆرەوە بەجێهێلدران و لەلایەن تیمەکانی ئێمەوە شوێنی وەستانیان بە شریت بۆ کراوە.
ژمارەیەک منداڵ لە ڕێگەی سپیلک-مێرگەسۆر بە کەسوکارەکانیان دابڕابوون و ڕزگارکراون، هەروەها سەدان گەشتیاری عەرەب و ئۆتۆمبێلەکانی گەشتیاران ڕێگایان بۆ کراوەتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە، چونکە بەشی زۆری شەقام و ڕێگەکان بەهۆی بەفرەوە داخراون، بەتایبەتی، ڕێگەی حاجی ئۆمەران، سپیلک-مێگەسۆر، زینی وەرتێ، دۆڵی ئاڵانە.
لە ڕۆژی شەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە چەندین شوێن شەقام و ڕێگەکان بەهۆی بەفرەوە داخراون، بەگوێرەی پێشبینی کەشناسی و بوومەلەرزانی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو سبەی ئێوارەی بەردەوامی دەبێت.
