تەندروستیی عێراق: لە شەوی سەری ساڵدا نزیکەی 500 حاڵەتی برینداربوون تۆمار کراون
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند: لە شەوی سەری ساڵدا، نزیکەی 500 حاڵەتی برینداربوون بەهۆی یارییە ئاگرینەکان، تەقەکردن و ڕووداوەکانی هاتوچۆ تۆمار کراون.
پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە شەوی سەری ساڵدا لە بەغدا، بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە نزیکەی 300 حاڵەتی برینداربوون تۆمار کراون، زۆرترینیان لە دیوی ڕەسافە بووە کە 200 حاڵەت بووە، لە دیوی کەرخیش 67 حاڵەت بوونە، هەروەها حاڵەتەکانی دیکەش لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق تۆمار کراون.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەو ئامارەی کە بڵاو کراوەتەوە هێشتا ئاماری کۆتایی نییە، چونکە بەشێک لە بریندارەکانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەکە لەوە زیاتر بێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە بەغدا 43 حاڵەتی برینداربوون بەهۆی تەقەکردنەوە، هەروەها 140 حاڵەت بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و 86 حاڵەتی جۆاروجۆری دیکەش تۆمار کراون.
سەیف بەدر، ئاماژەی بەوەش دا، زۆربەی حاڵەتەکان سووک و مامناوەند بوون، بەڵام هەندێک لە بریندارەکان پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە هەبووە و هێشتا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ناوبراو گوتیشی: وەزارەت پێش شەوی سەری ساڵ چەندین هۆشداری و بانگەوازی بڵاو کردەوە کە هاووڵاتییان ئاگاداری خۆیان بن، بەڵام ئاستی پابەندبوونی هاووڵاتییان وەک ئەوە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا.
گوتەبێژەکە، هیوای خواست، "لە بۆنەکانی داهاتوودا خێزانەکان جیددییەتی زیاتر بنوێنن لە چاودێریکردنی منداڵەکانیان، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری توندتر بگرنەبەر سەبارەت بە تەققەکردن، یارییە ئاگرینەکان و ڕێگەگرتن لە هاوردەکردن و ساغکردنەوەی ئەم یارییە مەترسیدارانە".
سەیف بەدر، جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی سنووردارکردنی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بە پێی تەمەن. ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە زۆربەی بریندارەکان، بە تایبەتی لە نێو منداڵاندا، بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و یارییە مەترسیدارەکانی وەک (تفەنگی بادە)ـوە بووە.
