سەرۆکی پێشووی بەڕازیل گەڕێندرایەوە بۆ زیندان

دەسەڵاتدارانی بەڕازیل جاییر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان گەڕاندەوە بۆ زیندان، ئەوەش دوای تەواوبوونی قۆناغی وەرگرتنی چارەسەری و چاکبوونەوەی لەو نەشتەرگەرییەی کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە  بۆی ئەنجامدرابوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئۆ گڵۆبۆی ناوخۆیی، بۆلسۆنارۆ ڕاستەوخۆ لە نەخۆشخانەوە بۆ زیندانێکی شاری بەڕازیلیا گواستراوەتەوە، تاوەکو ماوەی سزاکەی تەواو بکات کە بە تۆمەتی هەوڵی کودەتا بەسەریدا سەپێنراوە. 

سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، باری تەندروستی سەرۆکی پێشوو کە تەمەنی 70 ساڵە، جێگیرە و نەشتەرگەرییەکەی بەبێ هیچ گرفتێک بۆ کراوە.

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی بەڕازیل بەو مەرجە ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی بۆلسۆنارۆ بۆ نەخۆشخانە دەربڕیبوو کە دوای چاکبوونەوەی دەستبەجێ بگەڕێندرێتەوە بۆ زیندان. 

هاوکات ئەلیکساندر دی مورایس، دادوەری لێکۆڵینەوە، داواکارییەکی پارێزەرانی بۆلسۆنارۆی بۆ گۆڕینی سزای زیندانیکردنەکەی بۆ مانەوە لەژێر چاودێری لە ماڵەوە ڕەتکردەوە.

جاییر بۆلسۆنارۆ سزای زیاتر لە 27 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە،ئەم سزایە دوای ئەوە هات کە ناوبراو لە مانگی ئەیلوولی 2025دا بە تۆمەتی پیلانگێڕی و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتای سەربازی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە لایەن دادگاوە تاوانبار کرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل