وەزارەتی ناوخۆی سووریا: ئەنسارولسوننە وەک داعشن و پیلانی هێرشی خوێناوییان هەبوو
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: گرووپی ناسراو بە ئەنسارولسوننە ناوێکی دیکەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشە و ئەو ڕێکخراوە لە پشت ئەو هێرشانەوەیە کە لەم دواییانەدا لە ناوخۆی وڵاتەکە ئەنجامدراون، هاوکات ئاشکرای کرد کە توانیویانە پیلانێکی گەورەی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی لە کاتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا پووچەڵ بکەنەوە.
نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کار لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەکات.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، داعش ئێستا هەوڵی نوێکردنەوەی چالاکییەکانی دەدات و دەیەوێت لە ڕێگەی ڕاکێشانی ئەندامان لە دەرەوەی وڵات، ڕیزەکانی خۆی بەهێز بکاتەوە.
بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان، ژمارەی چەکدارانی داعش لە ناوخۆی سووریا ئێستا بە چەند سەد کەسێک مەزەندە دەکرێت.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دەسەڵاتداران چەندین بەڵگەیان لەدەستدایە کە ڕێگە دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرس لەو هێرشانە خۆش دەکات.
وەزارەتەکە ئاشکراشی کرد، پێشتر زانیارییان هەبووە کە داعش ویستوویەتی کەنیسەکان و شوێنە گشتییەکان لە کاتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا بکاتە ئامانج، بەڵام ڕێکاری توندی ئەمنی لە حەلەب و پارێزگاکانی دیکە گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لەو کارە.
لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی باب ئەلفەرەج لە حەلەب گومانیان لە کەسێک کردووە، دواتر دەرکەوتووە چەکداری داعشە، ئەو کەسە لە کاتی پشکنیندا تەقەی کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی پۆلیسێک، پاشان خۆی تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەشەوە دوو پۆلیسی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی شانەکانی تێرۆریستی بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەیان.
دوای ئەوەی ڕێکخراوی داعش لە ساڵی 2019دا کۆتا پێگەی جوگرافی خۆی لە سووریا لەدەستدا، چالاکییەکانی گۆڕا بۆ شێوازی شانەی نوستوو و ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم ڕێکخراوە بە ناو و نیشانی جیاوازەوە هەوڵی داوە متمانە بۆ چەکدارەکانی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامەکان و هاوکارییە هەواڵگرییەکان تا ڕادەیەکی زۆر تواناکانی ئەو ڕێکخراوەیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان سنووردار کردووە، شاری حەلەب بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە، هەمیشە یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە گرووپە توندڕەوەکان هەوڵیان داوە تێیدا چالاک بن.
