یاسر سولەیمان: ڕێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێ دەکرێت

یاسر سولەیمان، گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند: پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنی ئەمەریکی وەک سەرپەرشتیار ئامادەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە نێوان هەردوولادا.

گوتەبێژی شاندەکە جەختی لەوە کردەوە، بارودۆخی ئێستای سووریا تەنیا بەرگەی یەک سوپای نیشتمانی دەگرێت کە پێکهاتەی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت.

سەبارەت بە پرسی وزە و سامانە سروشتییەکان، یاسر سولەیمان ڕوونی کردەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە لەبەردەستی هەموو هاووڵاتیانی سووریادا دەبن. 

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە داهاتی ئەو بەرهەمانە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخان دەکرێت کە نەوتەکەیان لێ بەرهەم دەهێندرێت، دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، گوتەبێژەکە باسی لەوە کرد، چەندین کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوانیاندا هەیە و خوازیارن لە چوارچێوەی قەوارەی دەوڵەتی نوێی سووریادا چارەسەریان بکەن.
ڕێککەوتنی 10ی ئادار وەک نەخشەڕێگەیەکی سیاسی و سەربازیی گرنگ لە مێژووی نوێی سووریادا دادەنرێت، کە ئامانجی یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکان، ئەم ڕێککەوتنە دوای گۆڕانکارییە گەورە سیاسییەکانی کۆتایی ساڵی 2025 هات، کە تێیدا لایەنە جیاوازەکانی سووریا لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا گەیشتنە لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی گشتگیر و یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیدا، پرسی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان، بەتایبەت نەوت، یەکێک بوو لە ئاڵۆزترین تەوەری گفتوگۆکان کە لەم ڕێککەوتنەدا جێگەی کراوەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل