حەکیم تێلی: ڕێژەی بارانبارین لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیادی کردووە

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: بەهۆی ئامادەکارییە پێشوەختەکانەوە توانیویانە ڕێگا سەرەکییەکانی سنوورەکە بە ڕووی هاتوچۆدا کە بە بەفر گیرابوون، بکەنەوە، تەنیا ڕێگەی هەندێک گوند بەهۆی زۆریی بەفرەوە ئاستەنگیان تێدا دروستبووە. هاوکات بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان کە لە کاتی شەو و دروستبوونی بەستەڵەکدا، خۆیان لە هاتوچۆی ناپێویست بپارێزن.

حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد،  بەهۆی پێشبینیکردنی شەپۆلی بەفربارینەکە، تیمێک بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە، دەزگاکان بە هاوکاری کاڤین گرووپ توانیویانە ڕێگری لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بکەن و تیمەکان بەردەوام لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی ڕێگاکان. 

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت: هەرچەندە ڕێگا سەرەکییەکان کراوەن، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، ڕێگەی هەندێک گوند گیراوە و تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەیانن.

سەبارەت بە سەلامەتی هاووڵاتییان، حەکیم تێلی داوا دەکات هەمووان پابەندی ڕێنماییەکان بن، چونکە جێبەجێ نەکردنی ڕێنماییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس لە نێو بەفردا گیر بخۆن، بەتایبەت جەخت لەوە کراوەتەوە کە شەوانە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی بەستەڵەک، مەترسییەکان زیاتر دەبن، بۆیە پێویستە تەنیا بۆ کاری زۆر گرنگ لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئامارەکان دەریدەخەن، ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، تاوەکو ئێستا لە سەنتەری ئیدارەی سۆران 275 ملیم باران باریوە، کە ئەم بڕە بە نزیکەی 140 ملیم زیاترە لە پار ساڵ، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک قەزای مێرگەسوور، بڕی بارانبارین لە 500 ملیم تێپەڕی کردووە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە ناوچەیەکی شاخاوییە و چەندین ڕێگەی ستراتیژی و سنووریی گرنگی تێدایە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی سەختی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتەوە، پاراستنی هاتوچۆ لەم ناوچەیەدا بەهۆی هەبوونی ڕێگەی نێودەوڵەتی و شاخی بەرز، پێویستی بە هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت هەیە بۆ ئەوەی ڕێگەی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان بەردەوام بێت، زیادبوونی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵیش گەشبینییەکی زۆری لای جووتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ زیادبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە دروست کردووە.

 
 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل