بەنداوی سماقوڵی سەرڕێژی کرد

بەنداوی سماقوڵی، کە گەورەترین بەنداوی سنووری قەزای کۆیەیە، بەهۆی بارانبارینی چڕی ئەم دواییەوە بە تەواوی پڕبووە و سەرڕێژی کرد. 

ئەمە چوارەم بەنداوە لە ناوچەکەدا کە لەم وەرزەدا دەگاتە ئەوپەڕی توانای گلدانەوەی خۆی و بووەتە جێی دڵخۆشی بۆ جووتیاران و گەشتیاران.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەنداوەکانی شەوگێڕ، دێگەڵە و حەمامۆک سەرڕێژیان کرد، لە دوێنێ شەوەوە بەنداوی سماقوڵیش بە تەواوی پڕبووە. 

ئەم بەنداوە کە لە ساڵی 2017 دروستکراوە، توانای گلدانەوەی 8 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، سەرڕێژبوونی ئەم بەنداوە گرنگییەکی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەیە، چونکە لە خوارووی بەنداوەکەدا هەزاران دۆنم زەوی چێنراو بە میوە و سەوزە هەن کە ڕاستەوخۆ سوود لە ئاوەکەی وەردەگرن.

ئامارەکانی بارانبارین گۆڕانکارییەکی گەورە نیشان دەدەن، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 29 ملیم باران لە کۆیە باریوە، بەوەش کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 330 ملیم، ئەم ڕێژەیە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو تێکڕای بارانبارین لەم قەزایە کەمتر لە 200 ملیم بوو، ئەمە دەریدەخات کە تەنیا لەم سەرەتای زستانەدا، بڕی بارانبارین نزیکەی دوو هێندەی تەواوی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

ئەم بارودۆخە نوێیەی کەشوهەوا و زۆریی باران و بەفر، کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی جووتیاران، باخداران و مەڕداران دروست کردووە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمیی باران و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە سنوورەکەدا ڕووبەڕووی گرفت ببووەوە، بەڵام ئەمساڵ ئاسایشی ئاو بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە.
قەزای کۆیە بەهۆی پێگەی جوگرافییەکەی و دەوروبەرە شاخاوییەکەی، چەندین بەنداوی مامناوەند و پۆندی تێدایە کە سەرچاوەی سەرەکین بۆ دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵی و گەشتیاری، بەنداوی سماقوڵی وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە دادەنرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕێگریکردن لە وشکەساڵی، زۆریی ڕێژەی دابارین لەم وەرزەدا، دوای چەند وەرزێکی بێبارانی، ئومێدی بۆ بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری و زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا دروست کردووەتەوە.

 
 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل