دیالە.. لەسەر کێشەی زەویی 16 کەس بوونە قوربانی
لە شارەدێی خان بەنی سەعدی سنووری باقووبەی پارێزگای دیالە دوو بنەماڵی خزمی یەکتر لە سەر کێشەی زەوی بووەتە شەڕیان و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون و 11 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو دوو بنەماڵەیەی بووەتە شەڕیان ئامۆزای یەکترن و لە عەشیرەتی خەفاجەن، کێشەکەشیان لەسەر زەویی کشتوکاڵییە، دوای شەڕوپێکدانەکە و کوژران و برینداربوون لەهەردوو بنەماڵە، ئێستا هێزێکی ئەمنی ڕەوانەی شارەدێکە کراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕەکە و مەترسی تۆڵەسەندنەوە بکەن.
لەلایەن خۆیەوە هەیسەم شەمەری، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دیالە ڕایگەیاندووە، بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە گشتیی باقووبە، بەڵام بەشێک لە بریندارەکان تەندروستیان ناجێگرە.
هەروەها فەرماندەیی پۆلیسی دیالە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بە فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، هێزێکی هاوبەشی فەرماندەییە چوونەتە شارەدێی خان بەنی سەعد و شوێنی شەڕ و پێکدادانە عەشایرییەکەیان گەمارۆداوە و بەبێ جیاکاری، هەردوو لایەنی شەڕەکەیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەکەکانیش داگرتووە، بۆ ئەوەی ڕێکاریی یاسایی بگیرێتەبەر.
