زیادبوونی داواکاری پیتزا لە پێنتاگۆن گومانی چالاکیی سەربازی دروست کردووە

زیادبوونی نائاسایی داواکارییەکانی پیتزا لە چێشتخانەکانی دەوروبەری بارەگای وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، بووەتە جێگەی بایەخی چاودێرانی سیاسی و هەواڵگریی. ئەم زیادبوونە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری بوونی چالاکییە سەربازییە نهێنییەکان یان قەیرانە جیۆپۆلیتیکییەکان لێکدەدرێتەوە.

ماڵپەڕی تایبەت بە "ئیندێکسی پیتزا" (Pizza Meter) لە نوێترین نوێکارییدا، ئاستی ئامادەباشی خۆی بۆ "ئاستی 4"بەرزکردووەتەوە. ئەم پلەیە بە واتای بوونی دۆخێکی بەرزی ئامادەیی و چڕکردنەوەی چاودێری هەواڵگریی دێت. جێی ئاماژەیە ئەم پێوەرە لە 5 خاڵ پێکهاتووە؛ تێیدا ژمارە 5 دۆخی ئاساییە و ژمارە یەک بەرزترین ئاستی ئامادەباشییە بۆ ململانێی چەکداری.

بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا و چاودێرانی "سەرچاوە کراوەکان" (OSINT) لە مێژە تێبینی ئەوەیان کردووە، هەر کاتێک داواکاری پیتزا لە چێشتخانە نزیکەکانی پێنتاگۆن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، زۆرجار هاوکاتە لەگەڵ ڕووداوە سەربازییە گەورەکان یان قەیرانە نێودەوڵەتییەکان. لێکدانەوەکە ئەوەیە، کاتێک سەرکردە سەربازییەکان و کارمەندانی هەواڵگری ناچار دەبن تا درەنگانی شەو لە ناو بارەگاکەدا بمێننەوە بۆ پلاندانان یان بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، پەنا بۆ داواکردنی پیتزا دەبەن.

ئەم نوێکارییەی "پێوەری پیتزا" لە کاتێکدایە گرژییە سیاسی و سەربازییەکان لە چەندین ناوچەی جیهاندا گەیشتوونەتە لووتکە. هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پەیوەندیی نێوان پیتزا و بڕیارە سەربازییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە ڕەنگدانەوەی "کۆبوونەوە بەپەلەکان"ە لە واشنتن. لە لایەکی دیکەوە، هەندێک دەڵێن ڕەنگە ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە خواستە وەرزییەکان یان درێژکردنەوەی کاتی دەوامی ئاساییەوە هەبێت لە وەرزی زستاندا.

"ئیندێکسی پیتزا" وەک دیاردەیەکی کولتووری و ئامرازێکی نافەرمی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ناوخۆیی واشنتن دەمێنێتەوە. هەرچەندە نیشاندەرێکی بڕیاردەر نییە، بەڵام بەردەوام وەک هێمایەک بۆ پەیوەندیی نێوان شێوازەکانی ژیانی ڕۆژانە و بڕیارە گەورە جیهانییەکان تەماشا دەکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل