گۆتێرێز نیگەرانە لە بڕیارێکی ئیسرائیل
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی نیشاندا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی چەند ڕێکخراوێکی ناحکوومی نێودەوڵەتی لە "خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین" و داوای کرد دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە پێشتر سنووردارکردنی توند هەبووە بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و شوێنی حەوانە بۆ ناو کەرتی غەززە."
دوجاریک هۆشداریی دا، ئەم بڕیارە قەیرانی مرۆیی فەڵەستینییەکان گەورەتر دەکات و کاردانەوەی ڕژد لەسەر دۆخی ژیان لە غەززە دەبێت. ئەمینداری گشتیی جەختی کردەوە؛ پێویستە ڕێگری لە یارمەتییە مرۆییەکان نەکرێت و ڕێز لە ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بگیرێت لە هاوکاریکردنی خەڵکی مەدەنی.
ڕۆژی پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (NGOs) کە لە کەرتی غەززە کاردەکەن، ئەگەر لیستی ناوی کارمەندە فەڵەستینییەکانیان ڕادەست نەکەن، لە ساڵی 2026دا ڕێگری لە چالاکییەکانیان دەکرێت.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە تەنیا 15%ـی ڕێکخراوەکان دەگرێتەوە. هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتیش بریتین لە:
هەوڵدان بۆ تێکدانی شەرعیەتی ئیسرائیل.
لێپێچینەوەی یاسایی لە سەربازانی ئیسرائیل.
نکۆڵیکردن لە هۆلۆکۆست یان ڕووداوەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر 99%ـی هاوکارییە مرۆییەکان نابێت و زۆرینەی ڕەهای ڕێکخراوەکان (لە کۆی 100 داواکاری تەنیا 14یان ڕەتکراونەتەوە) بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
