ستراتیجیی ئەوپەڕی فشار، ڕەگ و ڕیشەی ململانێی نێوان مادورۆ و ترەمپ
پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڤەنزوێلا لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، خراپترین قۆناغەکانی بەخۆیەوە بینی، کاتێک واشنتن سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار"ی گرتەبەر بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە سۆسیالیستەکەی مادورۆ. ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ترەمپ و مادورۆ، بریتین لە چوار دۆسییەی سەرەکی:
1- قەیرانی شەرعییەت و دانپێدانانی سیاسی
کانوونی دووەمی 2019 خاڵی تەقینەوەی گەورە بوو، کاتێک سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا "خوان گوایدۆ" خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە ڕاگەیاند. ترەمپ بە خێرایی بوو بە یەکەم سەرۆک کە دانی بە گوایدۆدا نا و سەرکەوتنی مادورۆی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 بە "ناشەرعی و ساختە" وەسف کرد. مادورۆ بە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەڵامی دایەوە و واشنتنی بە "کودەتای ئیمپریالیستی" تۆمەتبار کرد. ئەمەریکا بەردەوام بوو لە پشتیوانی سیاسی و لۆجیستی ئۆپۆزسیۆن بۆ پەراوێزخستنی مادورۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
2- جەنگ و سزای ئابووری
ئیدارەی ترەمپ ململانێکەی لە دیپلۆماسییەوە گواستەوە بۆ خنکاندنی ئابووری. قەدەغەی تەواوەتی خرایە سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا کە شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتەیە؛ هەروەها سامانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت (PDVSA) و لقەکەی لە ئەمەریکا Citgo سڕ کران. ئامانجی ئەم سزایانە وشککردنی سەرچاوەکانی دراوی بیانی بوو بۆ ڕژێمەکەی مادورۆ، ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و هەڵاوسانی ئابووریی لە ڕادەبەدەری ڤەنزوێلا، کە مادۆرۆ وەک جەنگی ئابووری و جینۆساید، وەسفی کرد.
3- تۆمەتبارکردن بە تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان
ساڵی 2020 لە هەڵکشانێکی بێوێنەدا، وەزارەتی دادی ئەمەریکا تۆمەتی فەرمی ئاراستەی نیکۆلاس مادورۆ و سەرکردەکانی ڕژێمەکەی کرد بە "تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان" (Narco-terrorism) و خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ هەر کەسێک هاوکاریی بکات بۆ دەستگیرکردنی. ئەم هەنگاوە، ناکۆکییەکەی لە ململانێیەکی سیاسییەوە گۆڕی بۆ ڕاوکردنێکی یاسایی، کە دەرگاکانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەو کاتەدا داخست.
4- ڕەهەندی جیۆپۆلەتیک و دەستێوەردانی دەرەکی
ئیدارەی ترەمپ، وەک پێگەیەک بۆ نەیارانی ئەمەریکا 'ڕووسیا، چین، ئێران' سەیری ڤەنزوێلای دەکرد. ئیدارەی ترەمپ دەستەواژەی 'هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن' لەوانەش دەستێوەردانی سەربازی، دووبارە دەکردەوە، لە بەرانبەردا مادورۆ پەنای بۆ پشتیوانیی سەربازیی ڕووسیا و ئابووریی چین برد بۆ مانەوە و خۆی وەک قوربانیی هەژموونی ئەمەریکا و بەرگریکار لە سەروەریی نیشتمانی وێنا دەکرد.
دەرەنجام
خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ کۆتایی هات بەبێ ڕووخانی مادورۆ، ئەمەش بووە هۆی دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی. سەرەڕای ئەوەی سزا ئابوورییەکان ڤەنزوێلایان بە توندی لاواز کرد، بەڵام مادورۆ توانی بە پشتیوانی سوپا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت؛ بەمەش ترەمپ، دۆسیەیەکی ئاڵۆزی بۆ ئیدارەی دوای خۆی بە میرات بەجێ هێشت.
بەڵام لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، وا دیارە ترەمپ، بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەربارەی مادورۆ داوە؛ گەمارۆی دەریایی و ناردنی هێز بۆ سنوورەکانی ڤەنزوێلا و بۆمبارانی ئەمڕۆی کاراکاس، نیشاندەری چوونە قۆناغێکی دیکەی جددی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپە بەرانبەر بە ڤەنزویلا.
