ئێران بۆ ئەمەریکا: وەڵاممان بۆ هەر دەستدرێژییەک خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەمەریکای سەبارەت بە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی بە نابەرپرسیارانە و درێژەدان بە سیاسەتی خۆبەزلزانین وەسف کرد و هۆشداری دا، هەر دەستدرێژییەکی ئەمەریکا بە وەڵامدانەوەیەکی خێرا و هەمەلایەنە بەرەوڕوو دەبێتەوە.

تاران جەختی کردەوە ئەم جۆرە لێدوانانە نەک هەر پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بەڵکو هاندەرێکی ڕاستەوخۆیە بۆ توندوتیژی و تیرۆریزم دژی هاووڵاتیانی ئێرانی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ بانگەشەی بەرپرسانی واشنتن بۆ خەمخۆری گەلی ئێران تەنیا دووڕووییەکی سیاسییە بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی و پەردەپۆشکردنی مێژوویەکی درێژ لە دەستێوەردانی تاوانکاری لە کودەتای ساڵی 1953دەست پێدەکات و بە پشتیوانیکردنی ڕژێمی سەدام حوسێن لە شەڕی هەشت ساڵە و خستنەخوارەوەی فڕۆکەی مەدەنی ئێرانی لە ساڵی 1988بەردەوام دەبێت.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە؛ ئەمەریکا هاوکاریی ئیسرائیلی کردووە لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئەتۆمی و تیرۆرکردنی زاناکانی ئێران و بۆ چەندین دەیە سزای نامرۆڤانەی بەسەر بژێوی خەڵکدا سەپاندووە بۆیە تاران دووپاتی دەکاتەوە ئێرانییەکان خۆیان توانای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیان هەیە و ڕێگە بە هیچ دەستێوەردانێکی بیانی نادەن.

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند؛ ترەمپ وەک بکوژی سولەیمانی ئێستا بەهۆی شکستی ئامانجەکانی و ناتوانایی لە تێکدانی ئاسایشی ئێران تووشی توڕەییەکی بێوێنە هاتووە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد؛ گەلی ئێران بە هۆشیاری خۆیان پیلانی ئەمەریکا و بەکرێگیراوانیان پووچەڵ کردووەتەوە و ئەوەی ئێستا لە لایەن ترەمپەوە دەبیسترێت تەنیا هەڕەشەیەکە کە لە لاوازی و نائومێدییەوە سەرچاوەی گرتووە.

لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم عەزیزی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند؛ ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەم هەڕەشانە بێدەنگ بێت ئەوا ئێران دەزانێت چۆن مامەڵە بکات و هۆشداریی دا بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و ڕۆژئاوای ئاسیا دەکەوێتە مەترسییەوە و ناچار دەکرێن لە ژێر گورزەکاندا هەڵبێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل