لە هەندێک قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی سۆران کرایە پشوو
بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابیان، پشووی بۆ گشت قوتابخانەکانی سنووری قەزای سیدەکان ڕاگەیاند.
شەممە، 03 کانوونی دووەم، 2026 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بڵاوی کردەوە "دوای ڕاوێژی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران و قایمقامەکانی هەردوو قەزای سیدەکان و خەلیفان، بە مەبەستی پاراستنی بەرژوەندیی گشتی و دڵنیابوون لە سەلامەتیی گیانی مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابیان و بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دروە، پشوو بۆ گشت قوتابخانەکانی سنووری قەزای سیدەکان، دۆڵی ئالانە، دۆڵی بیاو سەرچیا و دۆڵی مەلەکان لە قەزای خەلیفان ڕادەگەیەنرێت."
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران، لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: بۆ ئەم مەبەستە، دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە کارگێڕیی قوتابخانەکانی سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران و سەنتەری قەزای خەلیفان و ناحییەی سرێشمە، بۆ بڕیاردانی پشوو، یان بەردەوامیی دەوامی فەرمی، بە گوێرەی دۆخی کەشوهەوای ناوچەکە و ئەم پشووە تەنیا بۆ ڕۆژی یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەم 2026 دەبێت و سەبارەت بە ڕۆژانی دواتر، بڕیاری نوێ لە کاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت.
