پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ دەدات و لێژنەکان پێکدەهێنێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە 2ـی بۆ ڕۆژی دووشەممە، ڕێککەوتی 5ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکردەوە.

 لەم دانیشتنەدا کە بڕیارە کاتژمێر 10:00ی بەیانی دەست پێ بکات، پەرلەمان دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ دەدات و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕێکخستنی لێژنە پەرلەمانییەکان دەنێت.

بەگوێرەی کارنامە فەرمییەکەی بڵاوی کردووەتەوە، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەکە، کە چوارچێوەی یاسایی و ڕێکاریی کارەکانی ناو پەرلەمان دیاری دەکات. 

لە تەوەری دووەمدا، لێژنەیەک پێکدەهێنرێت بە مەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی لێژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان، ئەمەش بە پشتبەستن بەو یاسا و ڕێسایانەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا جێگیر کراون.

 لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، کات بۆ گفتوگۆ گشتییەکان تەرخان کراوە تا پەرلەمانتاران سەرنجەکانیان لەسەر پرسە جیاوازەکان بخەنە ڕوو.

ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی خولی شەشەمی هەڵبژاردن و لە یەکەم ساڵی یاساداناندا بەڕێوە دەچێت، دوای دەستبەکاربوونی هەر خولێکی نوێی پەرلەمان، پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و دابەشکردنی پەرلەمانتاران بەسەر لێژنە پسپۆرەکاندا (وەک لێژنەی دارایی، یاسایی و ئەمنی) بە گرنگترین هەنگاو دادەنرێت، چونکە بەبێ پێکهێنانی ئەم لێژنانە، پەرلەمان ناتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی کە یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی حکوومەتە، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل