لێکردنەوەی مووی لووت مەترسی بۆ سەر ژیانت دروست دەکات
زۆرێک لە خەڵکی هەست بە بێزاری دەکەن کاتێک مووی لووتیان درێژ دەبێت و دەردەکەوێت، بەڵام پزیشکەکان هۆشداری دەدەن کە لێکردنەوە یان کورتکردنەوەی زۆری ئەو مووانە، مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکات.
هەرچەندە زۆربەی خانمان و پیاوان وا دەزانن هەبوونی مووی لووت دیمەنێکی نەخوازراوە و سەرنجڕاکێشییان کەمدەکاتەوە، هەر بۆیە پەنا بۆ لێکردنەوەی (کێشانی) دەبەن، بەڵام ئەم کارە لە ڕووی تەندروستییەوە زیانی گەورەی هەیە.
ئێریش فۆیگت، پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ لە زانکۆی نیویۆرکی ئەمەریکی، جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئەم خووە بە یەکجاری واز لێ بهێنرێت. گۆڤاری "فۆکۆس"ی ئەڵمانی لە زاری ئەو پزیشکەوە بڵاوی کردووەتەوە، مووی لووت ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پاڵاوتنی ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین، ئەمەش وادەکات تەپوتۆز و پیسی لە سییەکان و کۆئەندامی هەناسە دووربکەوێتەوە.
سێگۆشەی مەترسی لە دەموچاودا
پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ناوەوەی لووت ژینگەیەکی لەبارە بۆ کۆبوونەوەی بەکتریا. کاتێک مووی لووت لە ڕەگەوە هەڵدەکێشرێت یان بە شێوەیەکی زۆر کورت دەبڕدرێت، برینی زۆر بچووک لەو شوێنەدا دروست دەبێت، ئەمەش ڕێگە بۆ بەکتریا و مشەخۆرەکان خۆش دەکات بچنە ناو جەستەوە.
مەترسییە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە لووت دەکەوێتە ناو ناوچەیەک کە پزیشکەکان بە "سێگۆشەی مەترسیداری دەموچاو" ناوی دەبەن. ئەو دەمارە خوێنهێنەرانەی بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە مێشکەوە هەیە. ئەگەر بەکتریا بگاتە ناو ئەو دەمارانە، دەبێتە هۆی هەوکردنی یەکجار مەترسیدار، وەک "پەنینی مێشک"کە بریتییە لە کۆبوونەوەی کێم و ماددەی هەوکردن لەناو شانەکانی مێشکدا. هەروەها دەبێتە هۆی "هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا)."
فۆیگت هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە هەوکردنانە لەوانەیە ببنە هۆی مردنی کەسەکە. بۆیە ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت لووتیان بە جوانی بمێنێتەوە، تەنیا ئەو مووانە کورت بکەنەوە کە دەردەکەون، نەک بە تەواوی لێیان بکەنەوە یان لە ڕەگەوە هەڵیان بکێشن.
