بانکی خوێنی هەولێر: ساڵی ڕابردوو 14 هەزار و 220 یەکەی خوێن بۆ تووشبوانی تالاسیمیا دابینکراوە
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ساڵ بە ساڵ ڕێژەی خوێن بەخشین زیاد دەکات و لە 2025، دا ڕێژەی خوێن بەخشین لە 55%بووە.
سانع بابەکر، بەڕێوەبەری بانکی خوێن هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕێژەی خوێن بەخشین لە ساڵی 2025، بەراورد بە 2024، زۆر زیادیکردووە و ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت و لە 2025 دا، ڕێژەی خوێن بەخشین لە 55%بووە، لەکاتێکدا لە 2024، لە 49%بووە.
بەڕێوەبەری بانکی خوێن، گوتیشی: لە ساڵی 2025 دا، 75هەزار و 317 یەکەی خوێن وەرگیراوە، هەروەها 41هەزار و895 یەکەی خوێن لە خوێن بەخشان وەرگیراوە، لە کۆی گشتیی خوێن بەخشان 564 خوێن بەخش لە رەگەزی مێ بوونە، هەروەها بۆ 59 نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتیی و تایبەت لەناو هەولێر و دەورووبەری بووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، 89 هەزار و 392 یەکەی خوێن و پێکهاتەکانی بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی حکوومی بووە، بۆ کەرتی نا حکوومی 65 هەزار و 838 بووە، 14 هەزار و 220 یەکەی خوێن بۆ تووشبوانی تالاسیمیا دابینکراوە.
سانع بابەکر، باس لەوە دەکات، لە چوار ساڵی ڕابردوو هیچ پێویستیەک بە بانگەوازی بەپەلە نەبووە بۆ نەخۆشان، ساڵ بە ساڵ خوێن بۆ نەخۆش و توێژی دیکە دابین دەکەین بەبێ لە شوێنی دانان، ئێستا ئەو چینانەی خوێنیان بۆ دابین دەکرێت بەبێ لە شوێنی دانان لە بانکی خوێنی هەولێر ئەمانەن: نەخۆشانی تالاسیمیا، شێرپەنجە، نەشتەرگەریی جەرگ، شوشتنی گورچیلە.
