تێکساس.. منداڵێکی زەبەلاحی شەش کیلۆگرامی لەدایک بوو

لەدایکبوونی منداڵێکی ساوا لە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا بووەتە باسی گەرمی میدیاکان و سەرسوڕمانی ناوەندە پزیشکییەکان، چونکە منداڵەکە بە کێشێکی نائاساییەوە هاتووەتە دنیا، کە نزیکەی 6 کیلۆگرامە.

منداڵەکە ناوی (کانیۆن)ـە و دایکیشی تەمەنی 35 ساڵانە. دایکی کانیۆن پیشەی چاودێریی سەگ دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە چاوەڕێی دەکرد منداڵەکەی گەورە بێت، بەڵام پێشبینی نەدەکرد کێشەکەی بگاتە ئەو ئاستە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، دایکی منداڵەکە دەڵێت: "منداڵەکەم وەک ساوایەکی تەمەن سێ مانگە دەردەکەوێت. هەڵگرتنی وەک هەڵگرتنی کۆڵە خشتێک وایە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر شیرین و هێمنە."

کێشی کانیۆن لە کاتی لەدایکبوونیدا 5.74 کیلۆگرام بووە، ئەمەش وای کردووە ناوی بچێتە لیستی گەورەترین ئەو منداڵانەی کە تا ئێستا لەو نەخۆشخانەیەی شاری ئارلینگتۆن لەدایکبووبن.

کانیۆن و دایکی

 

بۆ بەراوردکردن؛ تێکڕای کێشی منداڵی تازە لەدایکبوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نێوان 2.7 بۆ 3.6 کیلۆگرامە، ئەمەش واتە کێشی ئەم منداڵە نزیکەی دوو هێندەی کێشی منداڵێکی ئاساییە.

بەهۆی گەورەیی قەبارەکەیەوە، پزیشکان ناچار بوون لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە منداڵەکە بهێننە دنیاوە. دوای لەدایکبوونیشی بۆ ماوەیەک لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدا بووە و دواتر دڵنیایی دراوە کە تەندروستی زۆر باشە.

دیاردەیەکی پزیشکی لە زیادبووندایە

لە ڕووی پزیشکییەوە ئەم حاڵەتە بە (Fetal Macrosomia) یان "زەبەلاحی کۆرپەلە" ناو دەبرێت، کە بەو منداڵانە دەوترێت کێشیان لە کاتی لەدایکبووندا لە 4 کیلۆگرام زیاترە. ئامارە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەندێک وڵاتی پیشەسازیدا، لە هەر 10 منداڵ، یەکێکیان بەم شێوەیە لەدایک دەبێت.

پزیشکان هۆکاری زیادبوونی ئەم دیاردەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕنەوە، لەوانە: قەڵەویی دایکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شەکرەی دووگیانی، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر گەشەی نائاسایی کۆرپەلە لە ناو منداڵداندا هەیە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل