گەشتیارانی بیانی بە جوانییەکانی کوردستان سەرسامن
گرووپێکی گەشتیاریی کۆماری چیک بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵی نوێ، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لێرە، لەم چایخانەیەدا پلانی گەشتەکەیان دادەڕێژن؛ هەندێکیان پێشتر هاتوون و ئێستا بە گۆڕانە خێراکانی گەشەسەندنی کەرتی گەشتیاریی هەرێم سەرسامن.
پاڤێل چێرنی، ئەندامی ئەو گرووپە، بە کوردستان 24ـی گوت: ئێمە خەڵکی کۆماری چیکین، ھاوڕێی یەکین زۆر حەزمان لە گەشتە. خۆم دووەم جارمە دێمە کوردستان؛ یەکەمجار مانگی ئایاری 2019 لەگەڵ ھاوڕێیەکم ھاتین. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی زۆر رێک و پێکن و بە ئاسانی دەتوانی ڤیزا وەربگریت. ئێستاش بە مەبەستی بینیی جوانیەکانی کوردستان و لە نزیکەوە ئاشنا بوون بە کولتووری جوان و دەوڵەمەندی کوردستان، هاتووین.
چێرنی، گوتیشی: زۆر شتمان لەبارەی ئازایەتی و خۆڕاگری گەلی کوردەوە بیستووە. لە گەشتەکەی پێشوومدا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا سەردانی ھەولێر و سۆران و ئامێدی و زۆر شوێنی دیکەم کرد. ئەمساڵیش ھاتینە ھەولێر.. ئێستا دەبینم زۆر شت گۆڕاوە، رێگەوبان و ژێرخانی کوردستان زۆر باشتر بووە، بەشێوەیەک ئەتوانم بڵێم لە ڕێگەوبانەکان وڵاتەکەی خۆم باشترن.
وێستگەیەکی دیکەی گەشتەکەیان، بینینی دیمەنە ڕەنگینەکانی خەرەندی ڕواندزە، ساتەکانی گەشتەکەیان تۆمار دەکەن، ئەوانەی یەکەم جاریانە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ هاوڕێ و گەشتیارە بیانییەکان پێشنیازیان هەیە.
زوزانا تەینەرۆڤا، ئەندامی ئەو گرووپە، دەڵێت: کاتێک بەچاوی خۆم شێوازی ژیان و کولتووری کوردستانم بینی، سەرم سوڕما. لە وڵاتی خۆمان زۆر زانیارییان لەسەر کوردستان و شێوازی ژیانی ئێرە نییە. ئەتوانم بڵێم ئەوەی لێرە ئەزموونم کرد و بەچاوی خۆم بینیم، لەوەی پێشبینیم دەکرد زۆر زیاتر بوو. پێشنیاز دەکەم بۆ ھاوڵاتییانی وڵاتەکەم بێن و سەردانی کوردستان بکەن، چونکە وڵاتێکی جوانە و خەڵکەکەشی زۆر میھرەبان و میواندۆستن.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتووگوزاری سۆران، دەریدەخات، ساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە و کە %15 یان گەشتیاری بیانی بوونە؛ بەفربارینی ئەمساڵیش ڕۆلێکی کاریگەری هەبووە لە هاتنی گەشتیاران و وەبەرهێنان لەو کەرتە بەردەوامە.
کەرتی گەشتیاری لەناوچەکە لەبووژانەوەی خێرادایە و چاوی گەشتیاری بیانیشی کەوتۆتە سەر، حکوومەتی هەرێم دەستەوەستان نەبووە و لەکابینەی نۆیەمیدا ماستەر پلانی گەشتیاری ڕاگەیاند، بەتەواو بوونیشی، چاوەڕێ دەکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی بێوێنە لە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
