حکوومەتی هەرێمی کوردستان 8 ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکان دابین دەکات
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە مەبەستی دابینکردنی گەرمی بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە وەرزی زستاندا، بڕی 8 ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ تەواوی قوتابخانەکانی هەرێم تەرخان کراوە و پڕۆسەی دابەشکردنیش لە هەندێک ناوچە دەستی پێکردووە.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕە نەوتە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، ئامانج لەم هەنگاوە ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ قوتابیان تاوەکو لە وەرزی سەرماو و سۆڵدا بەبێ کێشە بەردەوام بن لە خوێندن.
وەزیری پەروەردە ئەوەشی ڕوون کردەوە، پڕۆسەی گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ناوەندەکانی خوێندن دەستی پێکردووە، بە شێوەیەک تەنیا لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 2,000,000 لیتر نەوتی سپی بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەش کراوە و پڕۆسەکە لە ناوچەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو قوتابخانەکان سوودمەند دەبن.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی پلەی گەرمی تیایاندا زۆر دادەبەزێت، دەبێتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ڕێگریکردن لە پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندن و پاراستنی تەندروستیی قوتابیان و مامۆستایان لە ناو پۆلەکاندا.
