ئامادەکاری بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکرێت
لە هەڵەبجە ئامادەکاری بۆ یادی کیمیابارانی شارەکە بەڕێوەچوو و پارێزگای هەڵەبجەش بڵاویکردووەتەوە بۆ ئەمساڵ یادێکی شایستە دەکرێتەوە.
یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی نێوان پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی یادی 38 ساڵەی کیمیابارانی شارەکە بەڕێوەچوو.
لە ڕاگەیەنراوەکە دا ئاماژە بەوە کراوە، تاوتوێی پلان و بەرنامەی گشتیی بۆ ساڵڕۆژی یادی 16ـی ئادار کراوە و جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی یادێکی شایستە کرایەوە، کە تێیدا ڕەهەندە نێودەوڵەتیی و یاساییەکانی کارەساتەکە و مافە ڕەواکانی خەڵکی ناوچەکە تێیدا بخرێتە ڕوو
هەروەها چەندین پێشنیازی نوێ خرانە ڕوو بۆ ئەوەی ئەمساڵ بە باشترین شێوە یادەکە بەڕێوەبچێت.
ساڵانە لە 16ـی ئادار لە پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بە چەندین چالاکی و ڕێورەسمی تایبەت دەکرێتەوە.
بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان هەموو ساڵێک لەو ڕۆژە دا، پشووی فەرمییە.
