فەرهاد ئەترووشی: لیژنەکانی پەرلەمان بە شێوەیەکی کاتی پێکدەهێنرێن

فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، تا ئێستا زیاتر لە 40 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، بەڵام پارتی و یەکێتی کاندیدیان نییە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بۆ چارەسەری کێشە داراییەکان و جێبەجێکردنی فیدراڵییەت، دەبێت بە زووترین کات یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت؛ هاوکات سەبارەت بە لیژنەکانی پەرلەمان گوتی: لیژنەکان بە شێوەیەکی کاتی پێکدەهێنرێن.

یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە میانی بەشدارییکردن لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 گوتی:لە عێراق، پەرلەمان سەنتەری پرۆسەی سیاسییە و ناوەندی دەرکردنی بڕیارە گرنگەکانە، بۆیە پارێزگاریکردن لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کورد زۆر گرنگە.

ئەمڕۆ دەستەی نوێی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوە کرد و تێیدا پێشنیازم کرد، سەرۆکایەتیی پەرلەمان تێڕوانینێکی تایبەتی بە دەسەڵاتی یاسادانان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەبێت، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان هەبێت لە جێبەجێ کرد یاساکان و دیاریکردنی یاسا گرنگەکان و ئەوانیش پێشوازیان لە پێشنیازەکە کرد. گوتیشی: بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوو هێڵی گشتیی بۆ سیاسەتی پەرلەمان دابنێین و لیژنەیەک دروست بکەین.

دەبێت یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، بۆ ئەوەی فیدراڵیەتی دارایی جێبەجێ ببێت، چونکە بەشێکی زۆری داهاتی عێراق لە ڕێگەی نەوت و گازەوە دابین دەکرێت، بەبێ جێبەجێکردنی یاسا و دەستووریش هەرگیز هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت و دەبێت دەستوور دادوەر بێت.

تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 40 کەس خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە و پێشبینی دەکەین سبەی ئەو ژمارەیە زیاتریش بێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ کاندیدێکی بۆ ئەو پۆستە نەبووە. جەختیشی کردەوە، دەبێت کورد لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکگرتوو بێت و یەک هەڵوێست بێت.

سبەی لیژنەیەک دروست دەکەین بۆ ئەوەی هەندێک پێوەر دابنێن و چاودێری دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمان بکەن، گوتیشی: دابەشکردنی لیژنەکانی بەشێوەیەکی کاتی دەبێت و تەنیا بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی پەرلەمان دەبێت تاوەکوو حکوومەتی نوێ پێکدەهێنرێت.

سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل