کوبا کوژرانی 32 هاووڵاتیی خۆی لە ڤەنزوێلا ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی کوبا لە ڕاگەیاندراوێکدا بە فەرمی ڕایگەیاند؛ 32 هاووڵاتی و کارمەندێکی ئەو وڵاتە لە کاتی هێرشی سەربازی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا کوژراون.
لە بەیاننامەکەدا کە لە ڕۆژنامەی گرانما بڵاو کراوەتەوە، حکوومەتی کوبا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو 32 کەسە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و وەزارەتی ناوخۆ کوژراون، کە لەسەر داوای فەرمی حکوومەتی ڤەنزوێلا لەو وڵاتە بوون.
سەرۆکی کوبا هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانیان دەربڕی و ڕایگەیاند؛ "لەم ساتە پڕ لە ئازارەدا، شانازی بە قارەمانیەتی ئەو کەسانە دەکەین کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بوونە قوربانی".
ڕۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ڤەنزوێلا دەستیپێکرد. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆریسی هاوسەری دەستگیرکران و ڕەوانەی نیویۆرک کران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ مادورۆ و هاوسەرەکەی بە تۆمەتی "تیرۆری مادەی هۆشبەر" و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دادگایی دەکرێن.
لە وەڵامی ئەم پێشهاتانەدا، کاراکاس داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.
هاوکات، دادگای باڵای ڤەنزوێلا "دیلسی ڕۆدریگێز"ی جێگری سەرۆکی وەک سەرۆکی کاتیی وڵات دەستنیشان کرد بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات.
