بەشێک لە مووچەخۆرانی سلێمانی ناتوانن مووچەکانیان لە بانکی تی بی ئای وەرگرن
بەشێک لە مووچەخۆرانى بانکى تى بى ئای لە سلێمانى بۆ مووچەى مانگى 10 لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیا تووشی گرفت دەبن، بەشێکیان چەند رۆژێکە دەچنە بەردەم ئەی تی ئێمەکانی بانکی تی بی ئای و هەر نەیانتوانیوە مووچەی خۆیان وەرگرن.
بەشێک لەم موچەخۆرانە ماوەى هەفتەیەک زیاترە، دێنە بەردەم ئەى تى ئێمەکانى بانکى تى بى ئاى، بەڵام ناتوانن موچەکانیان وەربگرن، ئەمەش بەهۆى هەندێک گرفت کە لە ئامێرەکانی دابەشکردنی پارە ( ئەی تی ئێم) هەیە و کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست بووە، بە گوتەی خۆیان ئەم کێشەیە مانگانە دووبارە دەبێتەوە.
جەمال محەممەد، مووچەخۆرە و بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "من ئەمە چوارم جارە دێم ئەبوایە من سێ شەممەکەی تر پارەم وەربگرتایە، هەردێم ئەڵێن نیە ئیتر نازانم یەکێک دەڵێ بڕۆ هەفتەیەکی دیکە یەکێکی تر دەڵێ برۆ چل ڕۆژی تر هەریەکەی قسەیەک دەکات، ئەی تی ئێمەکە دەڵێ وەرت گرتووە یەک دینارم وەرنەگرتووە."
یەکێک لە کێشە دیارەکانى ئەم مانگە بۆ موچەخۆران لەو بانکە ئەوەیە، کاتێک کارتەکانیان دەخەنە ناو ئەى تى ئێمەکان موچەکانیان ناداتێ، بەڵام لە هەژمارەکەیان دەڕوات و دەبێت چەند ڕۆژێک چاوەڕێ بکەن تا پارە دەچێتەوە سەر هەژمارەکەیان.
هیوا ئیراهیم، یەکێکی دیکەیە لەو مووچەخۆرانە و دەڵێت، ئەوکاتی ئێمە هەژماری منمان پڕکردەوە، پێیان گوتین بانکی تی بی ئای زۆر گرنگە، زۆر زۆر تەرویجی بۆ دەکرا، دوای ئەوە لە فەرمانگەی ئێمە زۆربەمان تی بی ئایمان هەڵبژارد، گوتیشی، من لەشارەوانیم لە مانگی پێنجەوە هەژمارەکەم پڕ کردۆتەوە، بەڵام کەم مانگ هەیە تی بی ئای کێشەی دروست نەکردبێت، تا ئێستا ئەپڵیکەشنیكی باشیان نییە کە بزانیت تا ئێستا چەند مووجەت هەیە بۆنموونە بتوانیت شتێکی پێبکڕیت.
سەڵاح ڕەسوڵ، مووچەخۆر دەڵێت، ئەمە دووەم جارمە دێمە ئێرە، جاری یەکەم کاتێک کارتەکەی دەخەیتە ناو ئامێرەکە، نیوەی مووجەکەت ناداتێ، ئیتر نازانم هۆکارەکەی چیە ملیۆنێکم وەرگرتووە 225 هەزاری تیاماوە.
کێشەیەکى دیکەى بانکى تى بى ئای، کەمى ئەى تى ئێمەکانیەتى، کە ئەوەش گرفت بۆ مووچەخۆران دروست دەکات کاتێک دەیانەوێت مووچەکانیان وەربگرن.
بەشێکی زۆری ئەم مووچەخۆرانە ڕۆژانە دێن بۆ بەردەم ئەم بانکە، بەڵام بەگیرفانی بەتاڵەوە دەگەڕێنەوە، هەرچەندە کە دەگوترێت کێشەکەیان تەکنیکیە بەڵام ئەم گرفتە تەنیا لە بانکی تی بی ئای هەیە، لە بانکەکانی دیکەی نێو پڕۆژەی هەژماری من مووچەخۆران بێ هیچ کێشەیەک موچەکانیان وەردەگرن.
