بورهان ئەحمەدی: دەبێت فیلمی کوردی ڕەنگی کوردایەتی لە ناوەڕۆک بێت نەک تەنیا لە زماندا
دەرهێنەر و نووسەر و فیلمساز بورهان ئەحمەدی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 تیشک دەخاتە سەر کێشە و گرفتەکانی سینەمای کوردی و باس لەوە دەکات، فیلمی کوردی تەنیا بە زمان یان شوێنی ڕووداوەکان ناناسرێتەوە بەڵکو بە ڕۆح و ناوەڕۆکەکەی دەناسرێتەوە و کاتێک دەتوانرێت پێی بگوترێت کوردی کە دیدگایەک لە ژیان و مێژوو و ئازاری مرۆڤی کورد پێشکەش بکات چونکە کوردایەتی خۆی لە هەست و بیرکردنەوەدا هەیە نەک تەنیا لە جوگرافیادا و پێویستە ئەم چیرۆکانە بە زمانێکی هونەری و جیهانی بگوازرێنەوە تا هەموو مرۆڤایەتی لێی تێبگات.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک بورهان ئەحمەدی پێی وایە ئەمانە لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکیدان و ناتوانرێت یەکێکیان بەبێ ئەویتر تێبگەین، چونکە فۆڕم تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی ناوەڕۆک بەڵکو ئەوە ناوەڕۆکە کە شێوازی کامێرا و ڕیتم و دەنگ دیاری دەکات بۆ نموونە ئەگەر ناوەڕۆک باس لە تەنیایی یان ترس بکات فۆڕمیش ناچارە بۆ ئەو هەستە بگۆڕدرێت بۆ کامێرای نیشتەجێ و کاتە درێژەکان و دەنگی کەم بەڵام لە هەمان کاتدا فۆڕمیش دەتوانێت واتایەکی نوێ دروست بکات کە لە بنچینەدا لە ناوەڕۆکەکەدا نەبووبێت و لە سینەمادا تەنیا ئەو دیالێکتیکەیە کە کاری هونەری لە ڕاپۆرتێکی سادە جیا دەکاتەوە.
ئەم فیلمسازە ئاماژە بەوەش دەکات؛ جگە لە کێشەکانی ناوەڕۆک و فۆڕم سینەمای کوردی بەدەست نەبوونی سیناریۆنووسی پیشەیی و سیستەمێکی ڕوونی نووسینەوە دەناڵێنێت و زۆربەی دەرهێنەرەکان خۆیان سیناریۆ دەنووسن کە ئەمەش زۆرجار وەک جێگرەوەیەک بەکاردێت نەک هەڵبژاردنێکی هونەری و لە ئەنجامدا کارەکتەر و پێکهاتەی درامایی فیلمەکان لاواز دەبن هەروەها جەخت دەکاتەوە کە سەرەکیترین کێشە لە کایەی هونەری ئێمەدا فۆڕمی هونەرییە چونکە زۆرجار فیلمەکان تەنیا چیرۆک دەڵێن و فۆڕمێکی تایبەتیان نییە کە هەست و بیرکردنەوەی بینەر بجوڵێنێت و کامێرا تەنیا بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان بەکاردێت.
بورهان ئەحمەدی باس لە سەختییەکانی بەردەم سینەمای کوردی دەکات؛ خۆی لە نەبوونی سیستەمی پیشەیی و فۆندی پایەدار و بازاڕی دیاریکراو و کێشەکانی پەخشدا دەبینێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە فشاری مێژوویی و بابەتی وەک جینۆساید و شەڕ هەندێک جار خەیاڵی فیلمساز سنووردار دەکەن هەروەها ڕەخنە لە فێستیڤاڵە کوردییەکان دەگرێت کە نەیانتوانیوە ببنە ڕەوتێکی کاریگەر و زۆرجار بەدەست ناوچەگەری و واستەکارییەوە دەناڵێنن و لە لایەکی تریشەوە فیلمسازی بۆ تەلەفزیۆنە کوردییەکان ڕووبەڕووی کێشەی بودجەی کەم و فشاری کات و خۆسانسۆری بووەتەوە کە وای کردووە زۆرێک لە فیلمسازە بەتواناکان واز لە کارەکانیان بهێنن.
سەبارەت بە بینەری کوردیش ئەو دەڵێت: بینەر کارێکی دەوێت کە ڕاستگۆ بێت و خۆی تێدا ببینێتەوە و ڕێز لە زیرەکییەکەی بگیرێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەموو شتێکی پێ نەگوترێت بەڵکو لە ڕێگەی هەست و نیشانەکانەوە واتا دروست بکات و لە کۆتاییدا ئاماژە بە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت کە نامەوێت بە ستایل و شێوازی کارە پێشووەکانم کار بکەمەوە و چاوەڕێی دەرفەت و بابەتێکی باشتر دەکەم چونکە بوڕهان ئەحمەدی کە لە ساڵی 1982 لە شاری سنە لەدایکبووە خاوەنی 25 ساڵ ئەزموون و 25 خەڵاتی جیاوازە و دەیەوێت بە ڕوانینێکی نوێوە بەردەوام بێت.

