باوكی بەرنامەی بۆشایگه‌ری ئاسمانی ئیسرائیل: بوونەوەرە ئاسمانییەكان گەیشتنە زەوی و رێككەوتنیان لەگەڵ ئەمەریكا واژوو كردووە

"بوونەوەرە ئاسمانییەكان بە نھێنی گەیشتوونەتە سەر ھەسارەی زەوی"
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 – ھەولێر:

پرۆفیسۆر و جەنەراڵی ئیسرائیلی خانەنشین، خائیم ئیشید، كە بە باوكی بەرنامەی بۆشاییگه‌ری ئاسمانی وڵاتەكەی ناسراوە، بۆمبێكی لە عەیاری قورس تەقاندەوە و قەناعەتی خۆی دەربڕی لەوەی بوونەوەرە ئاسمانییەكان بە نھێنی گەیشتوونەتە سەر ھەسارەی زەوی.

ئەو جەنەراڵە خانەنشینە، كە لەنێوان ساڵی 1981 تا 2011 سەرۆكایەتیی ئیدارەی بۆشاییگه‌ری ئاسمانی دەكرد لە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، لە چاوپێكەوتنێكیدا، كە رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرەنۆت"ی عیبری بڵاویكردەوە، گوتی: ئەو بوونەوەرانه‌ی بۆشایی ئاسمان داوایانكردووە، گەیشتنیان بە زەوی ئاشكرا نەكرێت.

گوتیشی: "سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ خەریك بوو پەردە لەسەر ھەبوونیان لەسەر زەوی لادات و ئاشكرایان بكات، بەڵام بوونەوەرەكان لە فیدراڵیەتی گەلە ئەستێرە، گوتیان: راوەستە و یەكەم جار رێگا بە خەڵك بدە ھێور بن، ئەوان نایانەوە حاڵەتێكی ھەستیریایی بە كۆمەڵ درووستبكەن، بەڵكو دەیانەوێت یەكەم جار ئێمە، ئەمە بزانین و قبووڵی بكەین".

پرۆفیسۆر لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: بوونەوەرە ئاسمانەوانییەكان نیازیان نییە ھەبوونیان لەسەر زەوی ئاشكرا بكەن، ئەگەر مرۆڤایەتی نەگاتە تێگەیشتن لە ماھییەتی ئاسمان و گالیسكەكانی بۆشاییگه‌ری.

هه‌روه‌ها گوتیشی: بوونەوەرەكان رێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی ئەمەریكا واژووكردووە، بەپێی رێككەتنەكە رێگایان پێدراوە تاقیكردنەوەكان لەسەر زەوی ئەنجام بدەن.

ئیشید راشیگەیاند، ئەو بوونەوەرە ئاسمانەوانییانە لێكۆڵینەوە لەسەر ئاسمانی گەردوونی دەكەن و ھەوڵی بەدەستھێنانی پشتیوانی مرۆڤ لەم بارەوە دەدەن، ھەروەھا رایگەیاند، بنكەیەك لە ژێر رووی مەریخ ھەیە و تێیدا نوێنەرانی ئەو بوونەوەرانە و گەشتكەرە ئاسمانەوانییەكان ئەمەریكا بەیەكەوە كار دەكەن.

ئەو پرۆفیسۆرە، كە زۆر پلە و خەڵاتی زانستی جیاجای لە وڵاتەكەی و لە دەرەوە بەدەستھێناوە، جەختیكردەوە لەوەی گەر ئەم كارانە پێش 5 ساڵ باسكرابایە، یەكسەرە دەبرایە نەخۆشخانە. ئاماژەیكرد، ناوەندە ئەكادیمییەكان تا ئەم دواییە ئەم بابەتەی ئەویان قبووڵ نەدەكرد، بەڵام ئێستا "ده‌ستیانكردووه‌ بە بیركردنەوە بەشێوەیەكی جیاواز".

سەرچاوە: RT