ڕاوێژکارێکی سوودانی: بەزربوونەوەی بەهای دۆلار تەنیا ژاوەژاوێکی کاتییە
ڕاوێژکارێکی سوودانی، جەخت لەسەر نەبوونی هیچ پەیوەندییەک لەنێوان دابەزینی نرخی جیهانی نەوت و ناجێگیریی بازاڕی دراو دەکاتەوە. هەروەها بوونی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار وەک یەدەگی دراو، وایکردووە دۆلاری بازاڕی ڕەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان نەمێنێت.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەڵبەز و دابەزی نرخی جیهانی نەوت و ناجێگیری بازاڕی هاوتەریبی دراو (بازاڕی ڕەش)دا نییە، تا ئەو کاتەی سیاسەتی نەختی پشت بە سیستەمی نرخی جێگیری دراو دەبەستێت، کە پاڵپشت کراوە بە یەدەگێکی دراوی بیانی کە لە 100 ملیار دۆلار تێدەپەڕێت، ئەمەش چەترێکی پارێزەری بەهێز بۆ بازاڕی دراوی بیانی دابین دەکات.
مەزهەر ساڵح گوتیشی: ئەو هەڵبەز و دابەزە سنووردارەی کە بازاڕی هاوتەریب بەخۆیەوە دەبینێت، تەنها کاردانەوەی کاتی و بێ کاریگەرن، کە وەک وەڵامێک بۆ ڕاگەیاندنی پاکێجی "کۆنترۆڵی دارایی" ئەم دواییە هاتوون، کە چەندین بڕیاری لەخۆگرتبوو بە ئامانجی پێداچوونەوە بە خەرجییە گشتییەکان بە گشتی و بەرزکردنەوەی داهاتە گشتییەکان بە تایبەتی، ئەمەش لە ڕێگەی فراوانکردن و کۆنترۆڵکردنی کەرتەکانی باج و گومرگ دەبێت.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە جوڵانە بە ڕەفتارێکی سروشتی بازاڕ دادەنرێن کاتێک ئاماژەی نوێ لە سیاسەتی دارایی گشتی وەردەگرن، چونکە هێزەکانی "خستنەڕوو و داواکاری" مەیلیان بەو ئاڕاستەیەیە کە ئەم ئاماژانە تاقی بکەنەوە و بۆ ماوەیەک خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ڕێڕەوێکی جێگیرتر و گونجاوتر لەگەڵ بنەما ئابووری و داراییە نوێیەکان.
باسی لەوەشکرد، ئەو ناجێگیرییە ساتەوەختییەی لە بازاڕی هاوتەریبدا ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی تێکەڵێکی پەیکەری نییە لە بازاڕی دراودا، هێندەی ئەوەی گوزارشتە لە قۆناغێکی خۆگونجاندنی کاتی لەگەڵ ئامرازە ڕێکخستنەکان کە لە جەوهەردا ئامانجیان بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و نەختییە لەسەر ئاستی مامناوەند.
هەروەها ئەو جوڵە سنووردارەی لە بازاڕی هاوتەریب دەبینرێت کاریگەری لەسەر جێگیریی مەودای گشتی نرخەکان لە وڵاتدا نییە، کە پارێزگاری لە ڕێژەی هەڵاوسانێکی نزم کردووە لە سنووری 2.5% ساڵانەدا، ئەمەش کاریگەریی تێکەڵەی سیاسەتە ئابوورییە گشتییەکان دەردەخات.
دەشڵێت، ئەم سەقامگیرییە دەگەڕێتەوە بۆ یەکگرتنی سێ سیاسەتی ئابووری سەرەکی:
یەکەم: سیاسەتی نەختی کە پشت بە نرخی فەرمی جێگیری دیناری عێراقی دەبەستێت بەرامبەر دۆلار لە ئاستی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
دووەم: نزیکەی 13%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ پاڵپشتی تەرخان کراوە تا گرانی نەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتیان.
سێیەم: سیاسەتی بازرگانی لە بەرگریی نرخدا، لەپاڵ سەبەتەی خۆراکی پاڵپشتیکراو، سیستەمی بازاڕە مۆدێرنەکان (هایپەر مارکێت) وەک دژە کاریگەرییەکانی بازاڕی دراو دەرکەوتوون.
لەسەر ئەم بنەمایە، بازاڕی هاوتەریبی دراو چیتر گرنگییەکی ئەوتۆی نەماوە لە کاریگەری خستنە سەر ژیانی ڕۆژانە، دوای ئەوەی کاریگەرییەکەی بە کردەیی لە ئاستی داهات و بەکارهێنان جیابووەتەوە و کاریگەرییەکەی بەشی سەرەکی بۆ کەرتی سامان و موڵکدارێتی گواستراوەتەوە، کە کەرتێکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیری بژێوی یان ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە نییە.
