گۆشتی خۆماڵی زیاتر لە یەک ساڵە نرخەکەی جێگیرە
لەگەڵ ئەوەی لە 77 وڵاتی جیهان باسی بەرزبونەوەی نرخی گۆشت کراوە و لە هەرێمی کوردستانیش خواستێکی زۆر لەسەر گۆشتی سوور هەیە، بەڵام بە گوتەی گۆشتفرۆشەکان نرخی گۆشتی خۆماڵی زیاتر لە یەک ساڵە جێگیرە، کڕیار و فرۆشیاران دەڵێن، چاودێری هەیە و نرخ بەرز نابێتەوە.
وەرزی سەرمایە و بازاری سەروپێی هەولێر گەرم و گوڕە و داخوازی خەڵک بازاڕەکەی جوڵاندووە بەڵام نرخی سەروپێ نەگۆڕاوە و وەک ساڵانی ڕابردووە.
زیاد تەلعەت، گۆشت فرۆشێکی هەولێرە و بە کوردستان24ـی گوت،" لە وەرزی ستاندا نرخی سەروپێ دەگاتە 25 هەزار، بەڵام ئێستا ئێمە بە 20 هەزار دەیفرۆشین، ساڵی پاریش هەر ئەو نرخانە بووە و هەرزانتر نەبووە بەڵام لەکاتی بەفر و باران بەهۆی داخرانی ڕێگە سنوورییەکان نرخی گۆشت گران دەبێت."
گۆشت یەک لەو خواردنانەیە لە 77 وڵاتی جیهان باسی بەرزبونەوەی نرخەکەی کراوە ،گۆشتی سوور لە کوردستان خواستی زۆری لە سەرە و بە گوتەی گۆشتفرۆشەکان گۆشتی خۆماڵی زیاتر لە یەک ساڵە نرخی جێگیرە.
سامان محەممەد گۆشتفرۆشێکی دیکەی هەولێرە و گوتی، "نرخی گۆشت پەیوەندی بە خواست و خستنە ڕوو هەیە، ئەگەر ئاژەڵ زۆر بێت نرخەکەی دادەبەزێت و ئەگەر کەم بێت نرخەکەی گران دەبێت."
لە بازاری خۆراکە هاوردەکراوەکانی هەولێر کە سەرجەم کەلوپەلیان لە دەرەوەی کوردستان و ولاتانی دەرەوە هاوردە دەکەن نرخەکان هەڵئاوسانی بەخۆوە نەبینیوە
بە گوێرەی دوایین داتای 2025 لە 77 ولاتی جیهان نیشانیداوە نرخی گۆشت و هێلکە و زۆر خۆراکی دیکە لە جیهان زۆر بەرزبووتەوە و لە هەندێك وڵات ژمارەی پێوانەیی تۆماركردوە.
