ئیسرائیل غەززەی بۆردوومان کرد
سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی و ئەمڕۆش لە خان یوونس لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی کچێک و هاووڵاتییەکی دیکەی کوژران؛ بەمەش ژمارەی قوربانیانی غەززە لە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە بۆ 422 کوژراو بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەکدارێکی حەماسیان کردووەتە ئامانج کە پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەززە.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی ناسر لەو بارەوە ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە، لانیکەم دوو فەڵەستینی کوژران کە یەکێکیان کچە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون کە لەنێویاندا منداڵ هەیە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی شەڕ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بە بیانووی تێکدانی ژێرخانی چەکداران.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، 422 فەڵەستینی کوژراون، لە بەرانبەردا سێ سەربازی ئیسرائیلیش لەلایەن چەکدارانی غەززەوە کوژراون.
تا ئێستا کۆی گشتیی قوربانیانی غەززە 71 هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە زۆربەیان مەدەنین، هەروەها زۆربەی ناوچەکە وێران بووە و نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە خانووی کاتی و بینا زیانبەرکەوتووەکاندا دەژین.
