پێنج ڕاوچی لە سۆران دەستگیرکران

تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران پێنج کەسیان بە تۆمەتی ڕاوکردنی نایاسایی دەستگیرکرد.

 ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بۆ دەستکەوتنی خواردن ڕوویان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەن هەندێک کەسەوە بکرێنە ئامانج.
دوای ئەوەی شەپۆلێکی بەفر و بارانی بەهێز ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران گەڕان و پشکنینەکانیان چڕکردەوە بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە. 

لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتانەدا، توانرا پێنج سەرپێچیکار دەستگیربکرێن کە خەریکی ڕاوکردنی باڵندە کێوییەکان بوون.

عەقید ئەمیر خۆشەوی، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران ڕایگەیاند: هێزەکانیان بەردەوام لە ئەرکدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕاوکردنێکی نایاسایی. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبنەوە، هەروەها داوای لە هاوڵاتییان کرد لەم دۆخە سەختەی زستاندا هاوکاری پۆلیس بن و پارێزگاری لە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بکەن، نەک پەنا بۆ ڕاوکردنیان ببەن.
ناوچەی سۆران بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و بوونی چیا بەرزەکان، یەکێکە لە ژینگە دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، لە وەرزی زستاندا، بەهۆی داپۆشینی چیاکان بە بەفر، ژیانی ئەم زیندەوەرانە دەکەوێتە مەترسییەوە و زۆرجار بۆ مانەوە لە ژیان لە گوند و شارۆچکەکان نزیک دەبنەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یاساکانی ژینگەوە، ڕاوکردنی لە زۆربەی وەرزەکاندا قەدەغە کردووە و سزای دارایی و زیندانیی بۆ سەرپێچیکاران دیاری کردووە، بەتایبەت لەو کاتانەی کە ئاژەڵەکان بەهۆی هۆکارە سروشتییەکانەوە بێبەرگری دەبن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل