سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاندی دانوستنکاری یەکێتی، وردەکاریی ئەجێندای کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوەکەی نێوان حزبەکەی و پارتی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڕیارە کاتژمێر 11ـی بەیانی سبەی پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، هەر دوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەری گفتوگۆکان فراوان دەبێت و سێ دۆسیەی هەستیار و گرێدراو بە یەکەوە لەخۆ دەگرن، ئەوانیش؛ پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، پێکهێنانی کابینی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پارتی و یەکێتی مەبەستیانە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یەکلایی بەکەنەوە، جگە لەو پرسە هەردوو لا گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوانیان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
ئەمەش یەکەمی کۆبوونەوەی فەرمیی شاندی دانوستنکاری هەردوو لا دادەنرێت لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.
چاودێران و سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، چڕکردنەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەم کاتەدا، وەڵامێکە بۆ دۆخی هەستیاری عێراق و ناوچەکە. هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە "یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی" لە بەغدا، کلیلی بەدەستهێنانی مافەکانە، هاوکات پێکهێنانی خێرای حکوومەتی هەرێمیش زامنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستەیە بە هاووڵاتییانی کوردستان.