ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: هێزە چەکدارەکان گەنجانی ڕفێنراو وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێزانە هاوکات لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆی توند و تۆپبارانی چڕی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، بە شێوازێکی نامرۆڤانە پەنایان بۆ بەکارهێنانی گەنجانی ڕفێنراو وەک "قەڵغانی مرۆیی" لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردنی ئەو گەڕەکانە شکستیان هێنا.

چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب سەر بە هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، لە تاوانێکی ڕێکخراودا گەنجانی ڕفێنراو وەک قەڵغانی مرۆیی لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەکاردەهێنن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و بە تانک دەوریان گرتووە، هاوکات بە شێوەیەکی چڕ تۆپبارانی دەکەن و هەڕەشەی داگیرکردنی تەواوەتی و کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە دانیشتووانەکەی دەکەن.

ئاسایشی حەلەب ڕوونی کردووەتەوە، دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ ملکەچکردنی گەڕەکەکان و شکاندنی ئیرادەی دانیشتووانەکەی شکستی هێنا، ئەو هێزانە تاوانەکانیان فراوانتر کردووە. ئەوان ئەو گەنجانەیان ڕفاندووە کە ناچار بوون گەڕەکەکان جێبهێڵن و لە ڕیزەکانی پێشەوەی هێرشەکاندا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنن، ئەمەش بە پێشێلکارییەکی زەقی بەها مرۆییەکان وەسف کراوە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە چەکدارەکان کەسانی بەساڵاچوویان بۆ ناو گەڕەکە گەمارۆدراوەکە گەڕاندووەتەوە، بە ئامانجی ئەوەی وەک کارتێکی فشار و بۆ کۆنترۆڵکردنی مەدەنییەکان بەکاریان بهێنن.

لە کۆتاییدا هێزەکانی ئاسایش ئەم کردەوانەی بە هەڵکشانێکی مەترسیدار لە پێشێلکارییەکان ناوبرد، کە تێیدا گەمارۆ، تۆپباران و بەکارهێنانی مەدەنییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی تێکەڵ کراون، وەک بەشێک لە ستراتیژییەک بۆ کۆچپێکردنی خەڵک و سەپاندنی تاوان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانی بێتاواندا.