نووری شێخۆ: هێزەکانی سەربە حکوومەتی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان کردووە

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی ناوچەکەمان ئاڵۆزە و هێزەکانی سەربە حکوومەتی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان کردووە.

نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆخی ناوچەکەی ئێمە زۆر ناخۆش و ئاڵۆزە، بە چەکی قوورس هێرشردەکرێتە سەرمان و کوژراو و بریندارمان هەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکان لە هەشت لایەوە دەکرێتە سەرمان، هەشت هاووڵاتیی کوژراون و 47ـی دیکەش برینداربوون، هێرشەکان نەوەستاون، بەڵام کەمتر بوونە و گرووپە چەکدارەکان فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن.

هەروەها باسی لەوە کرد، ژمارەیەکی زۆری سەربازی سەربە هێزەکانی حکوومەتی سووریا کوژراون و دانیشتووانی ناوچەکە بەرگریی لە ماڵ و ناوچەکانیان دەکەن.

داوا لە سەرۆک بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و رای گشتیی دەکات بە زووی بێنە سەر هێڵ و بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر ئەم هێرشانە، ڕێگری لەم هێرشانە بگرن.