بەریتانیا لە گرژییەکانی حەلەب نیگەرانە

نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لەبەرانبەر پێکدادان و ئاوارەبوونی خەڵک لە باکووری حەلەب، جەخت لە گرنگیی سەقامگیریی سووریا دەکاتەوە و داوای کەمکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکان و پاراستنی گیانی مەدەنییەکان دەکات.

چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026،  ئان سنۆ، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نیگەرانی قوڵا خۆی لەبارەی سەرهەڵدانی پێکدادانەکان لە باکووری حەلەب نیشان دا.

ئاماژەی بەوە کردووە، کەوتنەوەی قوربانی لە ڕیزەکانی مەدەنییەکان و ئاوارەبوونی خەڵک لەم کاتەدا کە سەقامگیری بۆ سووریا زۆر گرنگە، جێگای نیگەرانییەکی زۆرە.

نوێنەری بەریتانیا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی داوای کەمکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکان، دەستپێکردنی دیالۆگ و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات. ڕاشیگەیاندووە لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن.