هەولێر.. ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و دووکەڵ ئاسمانی تەنیوە
چەند کاتژمێرێكە ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی دروستکردنی چپس، لە پیرزینی هەولێر کەوتووەتەوە، سەرەڕای هەوڵی چڕی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی، تاوەکوو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نزیکەی کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاگرەکە کەوتووەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەش دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تەواوی کەلوپەلەکانی نێو کارگەکە، وەک پلاستیک و کارتۆنی کاغەزی و ماددەکانی دیکە، لەگەڵ ئەو کەرەستانەشی کە کارگەکەی پێ دروستکراوە، وەک سەندەویچ پەنەل، لەو ماددانەن کە خێرا گڕ دەگرن، ئەمەش وایکردووە کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەروا ئاسان نەبێت.
گوتیشی: کاتژمێر 5:58 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بوونی ئاگرکەوتنەوەکە ئاگادارکراوینەتەوە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش ڕوون نییە، بەڵام کامێراکانی چاودێریمان بردووە و لێکۆڵینەوەی ورد دەکەین، چونکە لە کاتی کارکردندا ئاگرەکە کەوتووەتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، مەرجی سەلامەتی گرنگە و کەچی ئەم کارگەیە مەرجی سەلامەتی نەبووە، گوتیشی: پێشووتریش چەند جارێک نووسراومان لەسەر ئەم کارگەیە کردووە، کە مەرجی سەلامەتی نییە، بەڵام گوێیان پێ نەداوە، تاوەکوو کار گەیشتووەتەوە ئەوەی داوامان کردووە ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر بەم کارگەیە بگیرێتەبەر، کەچی سەرەنجام ئەم کارەساتەی لێکەوتەوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید ڕاشیگەیاند، لە ڕووداوی ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
