سەرۆکی مەکسیک بۆ ترەمپ: ئەمەریکا سەر بە هیچ ئایدۆلۆژیا و هیچ دەسەڵاتێک نییە

دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە کاراکاس و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک، وەڵامی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و دووپاتی کردەوە کە "کیشوەری ئەمەریکا سەر بە هیچ ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتێک نییە، بەڵکو تەنیا سەر بە گەلانی ناوچەکەیە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشی دەستگیرکردنی مادورۆی بە نوێکردنەوەی "عەقیدەی مۆنرۆ" 1823 ناوبرد و ڕایگەیاند؛ ناوی گۆڕیوە بۆ "عەقیدەی دۆنرۆ" (پێکهاتەیەک لە ناوی خۆی و جەیمس مۆنرۆ). ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەگوێرەی ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانیمان، هەژموونی ئەمەریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا هەرگیز جارێکی دیکە بەرەوڕووی ئالنگاری نابێتەوە."

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا لە کاراکاس، نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەیان دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ نیویۆرک بە مەبەستی دادگاییکردنیان بە تۆمەتی "بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک".

هاوکات ترەمپ هەڕەشەی لە حکوومەتە چەپەکانی دیکەی ناوچەکە کرد، لەوانە کوبا و کۆڵۆمبیا. ناوبراو هێرشی توندی کردە سەر گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "پیاوێکی نەخۆش" ناوی برد کە ناتوانێت ڕێگری لە بازرگانی کۆکاین بکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پێترۆ بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا نامێنێتەوە."

سەبارەت بە مەکسیک، ترەمپ کلۆدیا شەینبامی بەوە تۆمەتبار کرد، کە کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لەدەستداوە و هۆشداری دا، واشنتن ڕێوشوێنی توندتر دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەگرێتەبەر. لە بەرامبەردا، شەینبام جەختی لە سەروەریی نەتەوەکان کردەوە و ڕەتی کردەوە ناوچەکە ببێتە کایەی کاریگەری و سەپاندنی دەسەڵاتی تاکلایەنەی ئەمەریکا.

جێی ئاماژەیە، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە؛ ڕەنگە وڵاتانی وەک ئێران و تەنانەت گرینلاندیش بکەونە ژێر کاریگەریی ئەم سیاسەتە نوێیەی واشنتن، ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل