سێ ئۆتۆمبێل پێکیاندا دا و 10 سەرنشین بریندار بوون
درەنگانی دوێنێ شەو، لە ئەنجامی پێکدادانی سێ ئوتۆمبیلی نەفەرهەڵگر لەسەر ڕێگەی سنە-دێگوڵان 10 کەس بریندار بوون.
سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەم 2026، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە زاری پەیام جەلالی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مانگی سووری پارێزگای سنە، ڕایگەیاند، سێ ئۆتۆمبیلی نەفەرهەڵگر، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە سەر ڕێگەی سنە- دێگوڵان بە دووری 19 کیلۆمەتر لە دێگوڵان، پێکیاندا دا و لە ئەنجامدا 10 کەس بریندار بوون.
جەلالی گوتیشی: دوو کەس لە بریندارەکان هەر لە شوێنی ڕووداوەکە چارەکراون و ئەوانی تر ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مانگی سووری پارێزگای سنە، ئاماژەی بەوە کرد "تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و فریای بریندارەکان کەوتوون."
لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەفربارین، زۆربەی ڕێگەکانی پارێزگای سنەی داخستووە و هاتوچۆ بەسەریاندا سەخت و مەترسیدار بووە.
