ئەمەریکا و ئەوروپا لەسەر گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا ڕێککەوتن

لە لووتکەی پاریس بە بەشداریی شاندی ئەمەریکا، وڵاتانی ئەوروپا و ئۆکرانیا لەسەر گەرەنتی ئەمنی دوای جەنگ ڕێککەوتن؛ بەپێی پلانەکە هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا لە ناوخۆی ئۆکرانیا جێگیر دەکرێن، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا هۆشداری دەدەن کە دەبێت کیێڤ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی سازش لەسەر پرسی خاک و سنوورەکان بکات.

سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و بە بەشداریی جارید کۆشنەر و چارڵز کۆشنەر، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەوە بۆ برەودان بە پلانەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی.

ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند، هاوپەیمانان لەسەر گەرەنتییەکی ئەمنیی بەهێز ڕێککەوتوون کە دوای ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت و ئەمەریکا سەرکردایەتیی میکانیزمی چاودێریکردنی ئاگربەستەکە دەکات.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەریتانیا و فەرەنسا بنکەی سەربازی لە ناوخۆی ئۆکرانیا دادەمەزرێنن. کییەر ستارمەر جەختی کردەوە: دوای ئاگربەست، بەریتانیا و فەرەنسا ناوەندی سەربازی لە سەرانسەری ئۆکرانیا دادەمەزرێنن.

هەروەها ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا ئامادەیی نیشان داوە بەرپرسیارێتی دۆسیە دەریاییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

سەرەڕای پێشکەوتنە ئەمنییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد پرسی دیاریکردنی سنوور و خاک ئاڵۆزترین بەشە و پێویستی بە سازش هەیە. ئاماژەی بەوەش دا هاوپەیمانان لەسەر پلانێکی بووژاندنەوەی ئابووری و چوارچێوەی گەرەنتییە ئەمنییەکان ڕێککەوتوون.

ویتکۆف باسیشی لەوە کرد، پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست هاتووە و پرۆتۆکۆلە ئەمنییەکان تا ڕادەیەکی زۆر تەواو بوون. گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە خەڵکی ئۆکرانیا دڵنیا بن لەوەی کاتێک جەنگ کۆتایی دێت، بۆ هەمیشە کۆتایی دێت.

لەلای خۆیەوە، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: بێگومان دەبێت سازش بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە چوار ساڵەیە، ئێمە ناتوانین چارەسەرێکی نموونەیی کتێبەکان بەدەست بهێنین.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئەڵمانیا، مێرز ئاماژەی بەوە دا هێزەکانی ئەڵمانیا ڕەنگە سەرەتا لەسەر سنوورەکانی ناتۆ دراوسێی ئۆکرانیا جێگیر بکرێن بۆ چاودێری، بەڵام هیچ ئەگەرێکی بەشداریی ڕاستەوخۆشی ڕەت نەکردەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆبوونەوەکەدا بیرهێنانەوەی کرد کە ڕووسیا لە 15 ساڵی ڕابردوودا سەرجەم ڕێککەوتنەکانی شکاندووە مۆڵدۆڤا، جۆرجیا و ئۆکرانیا، بۆیە ئەمجارە داوای زەمانەتی ئاشتیی ڕاستەقینە دەکەن و سوپای ئۆکرانیاش وەک هیڵی پێشەوەی بەرگری دەمێنێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل