ترەمپ: ڤەنزوێلا 50 ملیۆن بەرمیل نەوت بە ئەمەریکا دەدات
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە دوای گۆڕانکارییەکان لە حکوومەتی ڤەنزوێلا، هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە، هاوکات 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتەکەش بە ئەمەریکا دەدرێت.
چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی نوێی ڤەنزوێلا، لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی کوالێتی بەرز و نەوتی نێو کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕادەستی ئەمەریکا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نەوتە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت، جەختی لەوەکردووەتەوە، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، خۆی چاودێری بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە و داهات و خەرجییەکان دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە کە بۆ بەرژەوەندی هەردوو گەلی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا بەکاردەهێنرێن.
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئیدارەی ئەمەریکا لەم کاتەدا زیاتر سەرنجی لەسەر چاکسازییە لە ڤەنزوێلا نەک ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا لە ئێستادا تەنیا مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکات کە تازە سوێندیان خواردووە، ئەمەش ئاماژەدانە بە دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا.
هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە، "هەڵبژاردن لە ڤەنزوێلا لە کاتی گونجاودا بەڕێوەدەچێت".
سەرەڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا نایەوێت دەستوەردان لە کاروباری سیاسی وڵاتانی دیکە بکات، وەک ئەوەی ئەمەریکا پێشووتر لە عێراق و ئەفغانستان کردی، بەڵام ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە ڕوونی ئارەزووی خۆی بۆ سەرچاوە نەوتییە زەبەلاحەکانی ڤەنزوێلا دەربڕیووە، کە گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی خاون لە جیهاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە دێڵسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی، گوتی" دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمەریکا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، هیچ بریکارێکی بیانی حووکمڕانی وڵاتەکەیان ناکات".
دێڵسی لە وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا کە دەڵێت ئەمەریکا ئێستا کارەکان لە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبات و ڕۆدریگێز "باجێکی زۆر دەدات، ئەگەر کارێکی دروست نەکات"، جێگری سەرۆکی پێشووی مادورۆ ڕایگەیاند بوو"حکوومەتی ڤەنزوێلا خۆی وڵاتەکەمان بەڕێوەدەبات نەک کەسانی دیکە".
سێ ڕۆژ دوای هێرشکەی ئەمەریکا و دەسگیرکردنی نیکۆڵاس مادورۆ، دێڵسی ڕۆدریگێز، لە وتارێکدا گوتی،"لە هێرشکەدا 55 سەربازی ڤەنزوێلا و کوبا کوژراون، جەختی لەوە شکردەوە، کە "گەلی ڤەنزوێلا بە بێ دەنگی دەمێنێتەوە و ئامادەیە بەرگری لە نیشتمانەکەی بکات"، هاوکات هەفتەیەک ماتەمینی نیشتمانی بۆ قوربانییانی هێرشەکەی ئەمەریکا ڕاگەیاند.
دێڵسی ڕۆدریگێزی، تەمەن 56 ساڵ، خەڵکی کاراکاس و دەرچووی بەشی یاسایە؛ زیاتر لە 20 ساڵە وەک یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی "چاڤیزم" و بە هاوپەیمانێکی نزیکی نیکۆلاس مادورۆ دەناسرێت.
ڕۆدریگێز، لە ساڵی 2017 سەرۆکایەتیی "کۆمەڵەی نیشتمانیی دامەزرێنەر"ی کرد و لە ساڵی 2018وە وەک جێگری سەرۆکی ڤەنزویلا دەستنیشان کرا. تا کاتی دەستگیرکردنی مادورۆ، پۆستی وەزیری نەوت و باڵاترین دەسەڵاتی ئابووری وڵاتەکەی لەدەستدا بوو، ئێستا بە بڕیاری دادگای باڵا ئەرکی سەرۆکایەتی ڤەنزویلای بە وەکالەت پێسپێردراوە.
بەگوێرەی دەستووری ڤەنزوێلا، ماوەی کاتی ڕۆدریگێز تەنیا 90 ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر دەتوانرێت بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانییەوە ماوەکەی درێژبکرێتەوە.